ئێمە وەك (ستافی ئەنەفە) ڕوومان لە ناوچە و بنارەکانی شاخی قەندیل کرد؛ بە مەبەستی ئەوەی کە بیر و بۆچوونی هاونیشتمانیانی ئەو ناوچانە بزانین و لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا هەڵوێستیان و وتەیان چییە؟ ئەوان بە دڵێکی پڕ و بە چاوانی پڕ لە هیوا بۆ ئێمە قسەیان کرد.
قەندیل هەمیشە لانکەی شۆڕشەکان و ماڵی گەورەی کورد بووە و زۆر جاریش لەبەر هێزی خۆڕاگریی کوردەکان و گرنگی ئەو ناوچانە و لایەنە جوگرافیەکەشی وەك قەڵای خۆڕاگری کوردان بەناو دەکرێت. هاونیشتمانیانی ئەم هەرێمانە وەك خۆشیان دەڵێن: ''کاروانی کام پارت و لایەن بە کام ڕەنگی ئاڵاوە بە ئێرەدا تێپەڕیبێت ئێمە دەرگای خزمەتی هەمیشەی ماڵەکانمان و ناوچەکەمان بۆیان کردەوە. ئێمە لەو کاتەی کە هاتینە دونیا تا ئێستا لە ناو جەنگ و زۆری و زەحمەتیدا بووین، بەڵام بۆ تەنها جارێك دەستبەرداری ئەم خاکە نەبووین''.
سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەوان زۆر بە رق و نەفرەت و وە توڕەییەوە باس لە بێدەنگیی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان دەکەن و دەڵێن: '' دەبێت حکومەتی باشوور وهەموو لایەنەکان خاوەنداریی لەم خاکە بکەن. ئێمە ئێرەمان بە خوێنی ڕۆڵەکانمان ئازاد کرد، بۆیە نابێت ڕێگە بدەن بە داگیرکەری و ئێمە و خاکەکەشمان بفرۆشن!".
"شەڕ کردن بە فڕۆکەی جەنگی هونەر نییە، بەڵکو بێ دەسەڵاتی و ترسە''
ئەوەشیان وت "حیزبەکانی باشوور بەم بێدەنگییەیان زۆر پرسیار دەخەنە سەر ڕاوەستە و هەڵوێستی خۆیان. بێگومان کە لەژێر ئەم بێدەنگییەدا ڕێککەوتن و بەرژەوەندییەکی دوور لە گەل هەیە. بابەتی ئەم داگیرکەرییانە پەکەکە نییە، بەڵکو هەموو کوردە. ئەوەتا لەم هێرشانەی ئەم ناوچەیەدا زیانلێکەوتووی یەکەم گەلە. ئەگەر تورکیا بەم ئەندازەییە بەهێزە، با بێت لە مەیدانی ڕاستی شەڕدا لەگەڵ گەریلا و پەکەکەدا شەڕ بکات، شەڕ کردن بە فڕۆکەی جەنگی هونەر نییە، بەڵکو بێ دەسەڵاتی و ترسە''.
هەروەها هاونیشتیمانیان لە وەڵامی پرسیارێکمان سەبارەت بە پیرۆزیی ئاڵای کوردستان و سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەڵێن: ''ئەمانە سیمبۆلی پیرۆزی و نەتەوەیمانن. ئەم دەسکەوتانەمان بە دەریاییەك لە خوێن دروستبووە. مافی هیچ کەس ولایەنێك نییە بە پاساوی دەوڵەتان و لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا پیرۆزی و فەرمیەتی ئەم سیمبولانە بخاتە ژێر پرسیار''.
"کوردستان چوار پارچە نییە، کوردستانێکى یەکپارچە و گەورە هەیە"
ئەوان بۆ کۆتایهاتن بە تەواوی ئەم هێرشە داگیرکەرییانە یەکگرتنی حیزبەکان و کۆنگرەی نەتەوەیی بە دەرمان دەبینن و دەڵێن: ''بەسە ئیتر با حیزبەکان یەکبگرن. کوردستان چوارپارچە نییە، کوردستانێکی گەورە و یەكپارچو هەیە. گەل لەناو خۆیدا کێشەی نییە و یەکگرتووە. ئەوەی یەك نییە حیزبەکانن. با چیتر نەبنە دار دەستی دوژمنان بۆ براکانیان و بێن یەکێتییەکی نەتەوەیی دروست بکەن و بەمەش ڕێگر ببین و بەهێز ببین لەبەرامبەر داگیرکەر و دوژمنان. دەبێت لەیادمان نەچێت ئەوانەی کە دەبنە دار دەستی دوژمن دواتر خۆیان لەناو دەچن''.
"ئەوانەى دەبنە داردەستى دوژمن دواتر خۆیان لەناو دەچن"
کەسایەتی و ڕاوەستەی شەهید هەڵمەت (دیار غەریب) زۆر کاریگەریی لەسەر خەڵکی ئەم ناوچانە هەیە و لەسەر زمانی هەمواندا باسی ئەو دەکرێت و بۆ تێکۆشان و هەوڵدانی شەهید دیار غەریب دەڵێن:'' شەهید هەڵمەت شەهیدی هەموو کوردستانە. ئەو هیوای گەورەی یەکگرتن و ڕووحی نەتەوەیی هەموو کوردان بوو. بۆ ئەمەش کاری کردووە بۆ ئەمەش گیانیدا. کەواتە دەبێت هەموان بە ڕووحی هەڵمەتەوە بە یەکگرتنەوە چۆك بە دوژمنان دابدەین''.
ئەو هەڵوێستە بەرزەى گەل لە کاتێکدایە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە ئەندازەێک ڕێگریی بۆ مافی قسە کردن و دەربڕینى ئازادانەی بیروڕای هاووڵاتییان، ئەو رێگرییانە ترسی لەناو خەڵکیدا دروست کردووە و لەو رێگەیەوە رێگری لە هاووڵاتییان دەکەن، کە لە دژیان قسە نەکەن. ئیمە ئەوەمان لە نزیکەوە بینی چەندین ئۆتۆمبێل و هاووڵاتی، کە لە ڕێگەی بناری قەندیلەوە سەردانی ناوچەکانی خەلیفان، سۆران، حاجی ئۆمەران، قەسرێ... هتد دەکەن لەبەر ئەوەی بازگەکانی پارتی دیموکرات لەسەر رێگاکانیاندان نەیندەتوانی قسە بکەن و دەیانگوت: ''ژیانمان دەکەوێتە مەترسییەوە، بڵاوەپێکردنى ترس و تۆقاندن بە ناو هاووڵاتییاندا لەلایەن پارتی دیموکراتى کوردستانەوە نیشانەى ئەوەیە، کە باش دەزانن کە ئەو هەڵوێستەیان خەڵکی توڕە دەکات و ترسی گەورەشیان لە هەڵوێستی گەلە ئەوان لە وتەی هاووڵاتیانی خۆیان دەترسن''.
ر.م