گەمارۆی سەر مەخمور بەردەوامە
دوای رووداوی ریستورانتی هۆقەباز، کە عوسمان کۆسە بەرپرسی دەزگای سیخوڕیى تورک "میت" کوژرا و ماوەی ١٠ رۆژە کامپی پەنابەرانی مەخمور ئابڵۆقە دراوە.
دوای رووداوی ریستورانتی هۆقەباز، کە عوسمان کۆسە بەرپرسی دەزگای سیخوڕیى تورک "میت" کوژرا و ماوەی ١٠ رۆژە کامپی پەنابەرانی مەخمور ئابڵۆقە دراوە.
دوای ئەوە لە رۆژی ١٧ تەممووزی ٢٠١٩ / ٢٦ی پووشپەڕ لە رووداوی ریستورانتی هۆقەباز بەرپرسیی میتی تورکیا کوژرا، کە خۆی بە دیپلۆمات نیشان دابوو، هێزەکانی پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) کامپی پەنابەرانی مەخموریان ئابڵۆقە داوە و ماوەی ١٠ رۆژە هاتوچۆی بۆ ئەو کامپە قەدەغە کراوە.
لە ماوەی ئەو ١٠ رۆژەدا بە هیچ شێوازێک رێگە نادرێت نەخۆشەکان، خوێندکاران و هیچ کەسێکی دیکە بە کامپەکەوە بڕوات بۆ هەولێر بێت. هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون لەبەر دەستدا نییە.
بەپێى زانیارییەکان، گوایە ئاسایشی پارتی بە دوای کرێکارەکانی مەخمور لە باشووری کوردستان دا دەگەڕێت و دەیانەوێت کرێکارانى مەخمور لە شارەکاندا دەر بکەن. هێزەکانی ئاسایشی پارتی پێش ئەو هەڵمەتەیان دەستیان کردبوو بە دەرکردنى کرێکارکانی مەخمور لەسەر کارەکانیان.
ئاسایشی پارتی بێ هیچ بیانوویەک لە چوونی نەخۆش، کرێکار و هاووڵاتیان بۆ هەولێر رێگری دەکات. دەیان کرێکاری مەخموری دەستبەسەر کراون. زۆرینەی ئەو کرێکارانەیان بەرداوە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ٢ کەسیان لە بەردەستدا نییە.
دوای رووداوی ریستورانتی هۆقەباز لە هەولێر، جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانى تورک هێرشیان کردەوە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور و لە ئەنجام دا ٢ هاووڵاتی بریندار بوون.
هەروەها هەموو رۆژێک فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە سەر کامپەدا دەسووڕێنەوە.
ر.م