گەمارۆی پەدەکە بۆ سەر مەخمور ماوەی ٦٦ رۆژە بەردەوامە

خەڵکی مەخمور ماوەى ٦٦ رۆژە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە گەمارۆدراون. هاوکات بەرخۆدانى دایکانی مەخمور لە دژی گەمارۆکە ماوەى ٢١ رۆژە بەردەوامی هەیە.

دواى رووداوەکەى ١٧ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٦ی پووشپەڕ لە ریستورانتى هۆقەباز لە شاری هەولێر، کە تیایدا عوسمان کۆسەی بەرپرسی میتی تورک کوژرا، لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بەڕێوەبەرانی ئەو حیزبەوە گەمارۆ خرایە سەر کامپی مەخمور و هاتووچۆی هاووڵاتییانی کامپەکەیان قەدەغە کردووە و لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا رێگای رۆیشتن بۆ هەولێر بە رووی نەخۆشەکان، کرێکاران و هاووڵاتییاندا داخراوە.

سەرباری هەموو هەوڵەکانی ئەنجوومەنى دیموکراتیکی گەل و دەزگاى پەیوەندییەکانى کاروباری دەرەوەى کامپی مەخموور، تاوەکو ئێستا وەڵامێکى ئەرێنێ و باشیان لەلایەن بەرپرسانی حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە پێنەدراوەتەوە.

لەلایەکى تریشەوە بۆ نەهێشتنى گەمارۆی سەر کامپەکە، دایکانی ئاشتی لە کامپی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) سەرباری هەموو رێگرییەکان و قورسییەکانى بەردەمیان ماوەى ٢١ رۆژە لە خاڵی پشکنینی پەدەکە دا لە نێوان هەولێر و مەخموردا لە چالاکی دان. دایکانی ئاشتیى مەخمور شەو و رۆژ لەوێ بەسەر دەبەن.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حکومەتى هەرێمى کوردستان وەڵامی ئەو دایکانەیان نەداوەتەوە. سەرباری هەموو دژوارییەکانیش دایکان بەردەوامن لە بەرخۆدانەکەیان. دایکانى ئاشتی رایانگەیاند، تاوەکو داواکانیان بەدی نەیت درێژە بە بەرخۆدانەکەیان دەدەن.

هێزەکانى ئاسایش لە خاڵی پشکنینەکەدا رێگا نادەن کەس سەردانى ئەو دایکانە بکات و لەگەڵ دایکاندا چاوپێکەوتن ئەنجام بدات.

دایکانى ئاشتی کە لەو خاڵەى پشکنیندا لە چالاکی دان، چەندینجار لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگەوە هێرشیان کراوەتەوە سەر و سوکایەتییان پێکراوە.

ژ.ت