''گەنجانی باشوور ورە و ئیرادەی گەلی کوردن''

دوابەدوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان خۆڕاگری گەریلا لە لوتکەدایە و هەڵوێستەکانی گەلی باشووری کوردستانیش لە دژی ئەم داگیرکاریانە بەردەوامە.

 لە ١٤/٦/٢٠١٩ گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە قەندیلدا دەستیان بە چالاکیی قەڵغانی مرۆیی کرد. هەر لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێك لە نوێنەرانی ئایین و باوەڕەکانی باشووری کوردستان وەك شاندێك سەردانی ئەو گەنجانەیان کرد و ئەو  هەڵوێست و چالاکییەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

لە میانەی پشتگیرییەکان لە دژی داگیرکاریی سەر خاکی باشووری کوردستان گەنجانی باشوور لە بناری قەندیلدا دەستیان بە چالاکیی قەڵغانی مرۆیی کرد و لە سەردانێکدا کۆمەڵێك لە نوێنەرانی باوەڕی و  ئایینەکانی باشووری کوردستان ئەم گەنجانەیان بەسەر کردەوە.

لە سەردانەکە مەلا نادر عەلی بە ناوی پێکەوە ژیانی ئایینەکان، پیر ئاشنا خان بە ناوی زەردەشتییەکانی کوردستان، مامۆستا حیکمەت دەربەندیخانی بەناوی ناوی سۆفیانی کوردستان، شێخ جەمیل قاسم بە ناوی ئێزیدیانی شەنگال، سەید سەرحەد بە ناوی ڕێکخراوی یارسان(کاکەیی)، مامۆستا سامان سەنگاوی، مامۆستا ئیبراهیم قەڵاتوکانی، مامۆستا ستار بازیانی بە ناوی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیك قسەیان کرد و ئەمجۆرە چالاکییانە و ئەو هەڵوێستانەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

ئەو سەردانە بۆ گەنجان جێگای خۆشحاڵی بوو. لەهەمان کاتدا  گەنجان سەرنجیان خستە سەر ئەوەی کە دەبێت پشتیوانی و هەڵوێستی لەمجۆرە بەردەوام بێت و هەمووان بە یەك دەنگ لە دژی داگیرکاری بوەستینەوە.

لە کۆتایشدا بە شێوەێکی هاوبەش بۆ ڕاگەیاندنەکان وتارێکیان پێشکەشکرد و پەیامەکە لەلایەن مامۆستا نادر عەلی-یەوە پێشکەشکرا و مەلا نادر بەمشێوەییە دەستی بە وتەکانی کرد: "بەناوی خوای گەورە و مێهرەبان، ئێمە وەك گرووپێک لە خوشك و برای ئایینە جیاوازەکان هاتووین بۆ ئێرە، کە لە مامۆستایانی ئاینی و نوێنەرانی شار و شارۆچکەکان پێکدێت.

 ئێمە سەردانی برادۆستیشمان کرد، ئێمە بەم سەردانە دەمانەوێت دەنگ هەڵببڕین و  لە بەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا کە لە کەسایەتیی گەلی باشووری کوردستان بەرامبەر بە هەموو کوردان دەیکات بەیەکەوە ئەمە ئیدانە بکەین.

 دەوڵەتی تورکیا بە شەڕ و نا یەکسانی لەبەرامبەر کوردانی باکوری کوردستان ناوەستێت و دەیەوێت دەستکەوتەکان و بەرهەمەکانی باشووریش وێران بکات ولەناوی ببات.

 لێرەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە مەرجەعە ئاینییەکان، داواکاریشمان لە هەر یەکە لە حکومەتی هەرێم و عێڕاقیش، هەروەها ڕیکخراوە مرۆڤ دۆستەکان، بەتایبەت هاووڵاتییان و موسوڵمانان ئەوەیە، کە دەبێت هەڵوێستیان هەبێت و ئەمە ئیدانە بکەن.

 ئەو هێرشانەی دەکرێن ڕەوا نین و لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا هێرش بۆ سەر سنووری وڵاتێك ڕەوا نییە. لە ئەنجامی ئەم هێرشە داگیرکارییەدا گوندەکانمان چۆڵ دەکرێن، ژینگەکەمان وێران دەبێت  و خەڵکەکەمان دەبێتە قوربانی بۆیە دەبێت بێدەنگ نەبین و خاوەن هەڵوێست ببین.

 ئێمە هەڵوێستمان نیشاندا، چونکە ئەمە وەك ئەرکێکی نیشتیمانپەرورەی و پاراستنی خاك و  گەلەکەمانی دەبینین، هەر لێرەشەوە دەستخۆشی لەم کۆمەڵە گەنجانە دەکەین، کە هەستاون بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە کە چالاکیی قەڵغانی مرۆییە، ئێمە تەنها دەڵێن پشتیوانتانین و لەگەڵتانداین، ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکات گەورەترین تاوانکاریە لە دەرەوەی هەموو پرێنسیبەکان و دوورە لە یاسایی هەموو دونیا.  ئەوەی ئەنجامدەدرێت لە پێشلکاری زیاتر هیچ شتێکی تر نییە.

 ئەردۆغان و تورکیا هەموو کارێکی نا ئاسایی و نا مرۆڤانە دەکەن لەژێر ناوی ئیسلامدا بۆیە دەبێت بەر لە هەر کەسێک موسوڵمانان هەڵوێستیان هەبێت و هەموومان دەست بخەینە ناو دەستی یەك و بەرامبەر بەم زوڵم و ستەمە بوەستینەوە.

ئێمە جارێکیتر دەستخۆشی لەم گەنجانە دەکەین و سوپاسیان دەکەین و  پێیان دەڵێین، ئێوەی گەنجان ورە و ئیرادەی گەلی کوردن، لە شوێنێکدا کە بێشکەی کوردایەتییە و بە درێژایی مێژوو، کە قەندیل قەڵغان بووە بۆ گەلی کورد  و ئێوەش ئەم قەڵغانەتان زیندوو کردووەتەوە، بۆ ئەمەش سوپاستان دەکەین و  دەستان خۆش بێت''.

ر.م