گەڕەكێکی شاری کەرکوک ماوەی دوو مانگە بێ ئاوە

گەڕەکی فەیلەقی شاری کەرکوک نزیکەی دوو مانگە بێ بەشە لە ئاوی خواردنەوە و ئەمەش هاووڵاتییانی گەڕەکەی نیگەران کردووە

گەڕەکی فەیلەق یەكێكە لەو گەڕەکانەی شاری کەرکوک کە لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە  دروست بووە و ئاوارەكانی دەورووبەری شارەکەی لێ نیشتەجێ بووە، گەڕەكەکە بە پێی سیستمی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە دابەش بووە بەسەر چوار كەرتدا، بەڵام هەردوو کەرتی دوو و سێ نزیکەی دوو مانگە ئاوی خواردنەوەیان پێ ناگات و خەلکی گەڕەکەکە ناچارن لەسەر حیسابی خۆیان ئاو بە تەنکەر بکرن.

دەربارەی بێ ئاوی لە گەڕەکەکەیاندا تۆفیق عەبدوڵا محەمەد بەمجۆرە باسی لە كێشەی كەم ئاوی کرد لە گەڕەکاکەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) و وتی: "ئێمە دوو مانگە بێ ئاوین، خەلکی گەڕەکی فەیلەق زۆر نیگەرانن بە دەست بێ ئاوی، من لە ئیستادا قەترەیەک ئاوم نییە لە ماڵەکەم."

هەروەها تۆفیق عەبدوڵا وتیشی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێ ئاوی ئەم کەرتەی فەیلەق سەردانی هەر لایەنێکی پەیوەندیدار دەکەین دەستاودستمان پێ دەکەن و بەردەوام چارەسەرکردنی کێشەکەمان دوادەخەن بەبیانوی جیاواز."

لە کۆتایشدا تۆفیق عەبدوڵا وتی: ''ئێمە داوا لە حکومەت و بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە کێشەی کەمیی ئاوەمان بۆ چارەسەر بکەن."

هەروەها ئەحمەد بورهان هاووڵاتییەکی دیکەی گەڕەکی فەیلەقە دەربارەی کێشەی بێ ئاوی گەڕەکەکەیان بۆ ئاژنسی هەواڵی فورات وت: "زیاتر لە دوو مانگە ئێمە بێ ئاوین، پێشتر چوار رۆژ جارێک ئاومان دەهات ئەوەش دوای ئەوەی دەبوو تا درەنگانی شەو چاوەڕی هاتنی ئاومان بکردایە، بەڵام ئیستا زیاتر لە دوو مانگە بە یەکجاری بێ ئاوین."

هەروەها ئەحمەد بورهان وتیشی: ''پەیوەندیمان بەلایەنی پەیوەندیدارەوە کردووە، بەڵام بەردەوام بە بیانوی جیاواز چارەسەری کێشەکەیان نەکردووە، سەردانی چەندین حزب لایەنی کوردیمان کردووە تا هاوکارمان بن لە چارەسەری کێشەی بێ ئاویمان بەڵام بە هیچ شێوەیەک هەوڵمان بۆ نادەن و خاوەنداری لە کێشەکانمان ناکەن."

محەمەد توفیق هاووڵاتییەکی کەرتێکی دیکەی گەڕەکی فەیلەقە دەربارەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکەکیان ڕایگەیاند: "کەرتەکەی ئێمە ماوەی ٢٥ رۆژە ئاوی نییە، بۆ دابینکردنی ئاو بۆ پێداویستەکانمان بە تەنکەر ئاو دەکڕین، ژیان بە ئاوەوە گرێدراوە ئێمەش ماوەی ٢٥ رۆژە هیچ ئاومان نییە ژیانمان لەم گەڕەکە زۆر زەحمەت بووە."

لە لایەکی دیکەوە لە سەر هۆکاری نەبوونی ئاو لەم گەڕەکە جیهان محەمەد جێگری بەڕێوەبەری دابەشكردنی ئاوی كەركوك لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: " هەموو گەڕەکەکانی شاری کەرکوک کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، كێشەكەش ئەوەیە ڕووبەری كەركوك تا دێت فراوانتر دەبێت و رێژەی دانیشستوانی شارەکە زیاد دەکات، ئێمەش توانای ئەومان نییە بە بەردەوامی ئاو بە رێژەیەکی زۆر دابەش بکەین بە سەر گەڕەکەکاندا، چونکە تەنها یەك وێستگەی ئاو هەیە لە دووبز كە ئاو دەگەێنێت بە كەركوك، کێشەیەکی دیکە هەیە ئەویش بەرزیی هەندێک گەڕەکە کە بە زەحمەت ئاوی خواردنەوەیان پێ ئەگات."

ژ.ت