یەکێتى و کۆمسیۆن پاساوی پارتى بۆ ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن لە کەرکوک رەتدەکەنەوە

بەرپرسانى پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) دەیانەوێت بە پاساوی دۆخی ئەمنی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە کەرکوک بەڕێوەنەچێت، بەڵام بەرپرسانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) و کۆمسیۆنى هەڵبژاردن پاساوەکەى پارتی رەتدەکەنەوە.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان  خەسرەو گۆران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدێکی کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە سایتێکی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نین بە هۆی ناجێگیری بارودۆخی ئەمنیی شاری کەرکوک".

هەروەها  خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاندبوو: "ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردن نین ئەمساڵ،  چونکە خەڵکانێکی زۆر پارێزگای کەرکوک پەنابەرن لە دەرەوەی کەرکوک، بارودۆخی ئەمنیی شارەکە ناجێگیرە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە دادپەرەر نابێ تا رەوشی ئەمنی شارەکە چاک دەبێتەوە".

لە هەڵبژاردنی نوێنەران  بۆ پەرڵەمانی عیراق لە ١٢ئایاری ساڵی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی نەکرد لە هەڵبژاردنەکانی کەرکوک بە بیانوی ناجێگری بارودۆخی ئەمنی شارەکە.

لە وەڵامدا رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان پێمانوایە خەڵکی شاری کەرکوک لە مەسەلەی ئەنجومەنی پارێزگای شاری کەرکوک لە مافە دیموکراتەکانی بێبەش بووە، بۆیە بە باشی دەزانین بە زووترین کات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام بدرێ".

ناوبراو وتی :" پێموایە هەر لایەنێکی سیاسی خۆی لەم مەسەلەیە بدزێتەوە ئەوە ئەو بیانوانە بیانوی نا مەشروعن، ئەگەر ناجێگیریی بارودۆخی ئەمنی هەیە ئەوە چۆن ئەوە کادر و ئەندام و لایەنگرانیان لە ناو شاری کەرکوک کاری خۆیان دەکەن، لە هەمان کاتدا ئەمە غەدرێکی قورسە بەرامبەر بە خەڵکی شاری کەرکوک دەکرێ".

لە کۆتایشدا رەوەند مەلا مەحمود وتی: "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوو سەلماندمان کە کورد لە شاری کەرکوک دەنگ و رەنگ و سەنگی هەیە و ناکرێت هیچ لایەنێکی سیاسی لەبەرئەوەی خۆی بڕیارێکی لە سەر ئەم شارە داوە بیەوێت بە بیانویەک بڵێ هەڵبژاردن لە شاری کەرکوک نەکرێت".

لە لایەکی دیکەوە رزگار حاجی حەمە ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسێۆن لە کۆمیسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکدا ڕایگەیاند: "جێگای خۆشحاڵییە بەپێی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک دەکرێت و هیچ لایەنێک داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەکردووە لە پارێزگای کەرکوک "

رزگار حاجی حەمە وتیشی: "ئێمە خەریکی دانانی چارەسەرێ گونجاوین بۆ ئەو هاووڵاتییانەی پەنابەربوونە لە دەرەوی کەرکوک و نەگەڕاونەتەوە شاری کەرکوک، کار دەکەین بە ئامانجی پارێزگاری لە مافەکانیان بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان".

ر.م