خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتگیریی کەرتە ستراتیژییەکان دەکات

خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کارەکانی ساڵی ڕابردووی هەڵسەنگاند و وتوێژی لەبارەی گرنگترین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە کرد.

خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی کەرتە ستراتیژییە گرنگەکان و بەرزرکردنەوەی ئاستی بژێوی خەڵکەکەی لە ساڵی نوێدا، ئەوەش لە یەکەمین ڕۆژی زنجیرە کۆبوونەوەی ساڵانەیدا خرایە بەر باس و لێکۆلینەوە.

لە میانەی زنجیرە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمرۆ یەکەمین ڕۆژی بوو، خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامادەبوونی هەموو دەستە و نووسینگەکانی خۆبەڕێوەبەری و ئیلهام ئەحمەد-ی سەرۆکی دەستەکانی جێبەجێکردنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، کاروباری ساڵی ڕابردووی ٢٠١٩ هەلسەنگێندرا.

کۆبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنیانی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتریش بەندەکانی یەکەمین کۆبوونەوە لە لایەن هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاریی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، عەبد حامد ئەلمەهباش خوێندرایەوە کە پێکهاتبوو لە هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کە لە ساڵی ڕابردوودا بەسەر ناوچەکەدا هاتبوو. هەروەها ئەو کارانەش باس کران کە خۆبەڕێوەبەری لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا پێشکەشی کردوون لە ئەنجامدانی پرۆژە، هاوکات، پلانی کار و پرۆژەکانی ساڵی داهاتووش خرانەڕوو.

دۆخی سیاسی لەلایەن ئامەدبووانەوە هەلسەنگێندرا و ئاماژە بە داگیرکاریی سوپای تورکیا کرا، هەروەها باسی بێدەنگی نێونەتەوەیی لە ئاست ئەو کارەساتە کرا، لە لایەکی دیکەوە باسی قولبوونی قەیرانەکان و بەردەوامبوون و چۆنەیتی ڕووبەڕووبوونەوەی کرا.

هاوکات لە وتوێژەکاندا ئاماژە بە دانوستانی نێوان خۆبەڕێوەبەری و ڕژێمی سوریا کرا کە نەگەیشتوەتە هیچ ئەنجامێک، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ڕژێمی سوریا دەیەوێت دۆخەکە بگەڕێتەوە پێش شەڕەکان و هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ئەم چەند ساڵە پشتگوێ بخرێت. جەخت لەوەش کرایەوە کە هیچ ئەلتەرناتیڤێک نییە بۆ دانووستانی سوری-سوری وەکو چارەسەر و دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستا سووریا تێیکەوتووە.

لە وتەکانیدا ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکردنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرتای هێرشکردنی سوپای تورک بۆ ڕۆژئاوا، بڕوایەک هەبوو کە پێیانوابوو خۆبەڕێوەبەری دەڕووخێت و هیچ نامێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان وەکو پێویست نەبوو لە ڕووبەرووبوونەوەی هێرشەکەی تورکیا.

ئیلهام وتیشی: "لە ماوەی هێرشکردنی تورکیادا، بە پێچەوانەی بیروڕای هەمووان، خۆبەڕێوەبەری بەهێزتر بوو و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بەهێزتر ڕووبەڕووی داگیرکارییەکانی سوپای تورک بوونەوە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی هەبوو لەسەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەندێک لە وڵاتان و بووە هۆی دروستبوونی باوەڕ و قەناعەتی تازە".

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەو کەرتانە کرایەوە کە کاریگەری باشیان هەیە لەسەر باشکردنی دەرامەتی خەڵکی ناوچەکە و بەرزرکردنەوەی ئاستی بژێوی خەڵک لە ناوچەکە.

هەروەها ئامادەبووان پلانی تازەیان خستەڕوو بۆ پشتیوانیکردنی کەرتە ستراتیژییەکانی وەکو تەندروستی، خزمەتگوزاری، کشتوکاڵ و پەروەردە، ئاماژە بەوەش کرا کە پێوییستە لەمساڵدا هەنگاوێکی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان بنرێت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠.

ز.ش