رۆژنامەی یۆنگ ڤێڵدی ئەڵمانی لاپەڕەیەکی بۆ کەمپەینی "ئازادیی ئۆجالان" تەرخانکرد

رۆژنامەى رۆژانەی یۆنگ ڤێڵتی ئەڵمانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لاپەڕەیەکی بە تەواوی بۆ کەمپەینی "کاتیەتی؛ ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و ئاشتی بۆ کوردستان" تەرخانکرد، کە ئەو کەمپەینە لەلایەن سەندیکاکانی بەریتانیاوە بەڕێوەدەچێت.

رۆژنامەى رۆژانەی یۆنگ ڤێڵتی ئەڵمانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لاپەڕەیەکی بە تەواوی بۆ کەمپەینی "کاتیەتی؛ ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و ئاشتی بۆ کوردستان" تەرخانکرد، کە ئەو کەمپەینە لەلایەن سەندیکاکانی بەریتانیاوە بەڕێوەدەچێت.

گەورەترین سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەندا بە ناوی یەکێتیی یەکگرتوانە  (Unite The Union - یونایت زە یونێن)، کە ناسراوە بە یونایت (UNITE) و ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، لەگەڵ سەندیکای گشتیی کرێکاران (GMB - جی ئێم بی) بەریتانیا، کە ٧٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، کەمپەینی "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەڕێوەدەبەن.

بانگەوازی کەمپەینی ئەو سەندیکایانە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆدالان رێبەری گەلی کورد ئەمڕۆ لە رۆژنامەیەکی تری ئەڵمانیادا بە ناوی یۆنگ ڤێڵت (Junge Welt) بڵاوکرایەوە. پێش ئەوەش لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا ئەو بانگەوازە لە رۆژنامەی دی تاگس زایتۆنگ (TAZ) ئەڵمانیا و هەروەها لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ لە رۆژنامەى دێرفرایتەگی ئەڵمانیادا بڵاوکرابوویەوە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بڵاوکردنەوەى بانگەوازی ئازادی بۆ ئۆجالان ئەمڕۆ رۆژنامەی یۆنگ ڤێڵتی ئەڵمانی لاپەڕەیەکی تەواوی بۆ بانگەوازی کەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالان تەرخانکرد و وێنەیەکی ئەیلولی ٢٠١٩ی کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی بەریتانیای لەلاپەڕەکەیدا بڵاوکردوەتەوە، کە لەو وێنەیەدا ئەندامانی کۆنگرە و سەندیکاوانەکانی بەریتانیا وێنەیەکی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان بەرزکردووەتەوە، کە لەسەری نووسراوە "ئازادی بۆ ئۆجالان".

'کات کاتی ئازادیی ئۆجالان'

بانگەوازەکە بە ناوی "کاتیەتی؛ ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و ئاشتی بۆ کوردستان" لە رۆژنامەى یۆنگ ڤێڵت دا بڵاوکراوەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا بە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان لە کینیاوە رفێنرا بۆ تورکیا و لەو کاتەوە ماوەى ٢٠ ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕ، داگیرکەری و هێرش و پەلاماردان بەردەوامی هەیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، عەبدوڵا ئۆجالان لە کاتی دیلکردنیدا ژیانی خۆی بە بەردەوامی بۆ ئاشتی، ئازادی و چارەسەریی کێشەى کورد فیدا و تەرخانکردووە.

باسی کەمپەینەکانی تر بۆ ئازادیی ئۆجالان کراوە و تیایدا هاتووە، لە ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ دا ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کورد وتیان، 'عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەی سیاسیی ئێمەیە، من ئەو بەو شێوەیە قبوڵ دەکەم' و کەمپەینەکەیان واژۆکرد. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥دا زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

ئەوەشیان راگەیاندووە، "ئۆجالان تەنها کەسایەتی و فیگەرێکی سیاسی نییە، کە لە ناوچەکەدا بە رۆڵێکی یەکلاکەرەوە هەڵدەستێت و کاریگەریی لەسەر چارەسەریی کێشەى کورد هەیە، بەڵکو لە هەمان کاتدا خاوەنی بیر و رامانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە، کە لە رۆژئاوا (باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا) جێبەجێ کراوە. لە سایەی ئەو بیر و رامانەوە، لە ناوچەیەدا، کە بە شەڕ دەهەژێت، رۆژئاوا بووەتە سیمبولی ئازادی و دیموکراسی. ئێمە لەو بڕوایەداین، ئاڵۆزی و شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە حکومەتی تورکیا بەڕێوەی دەبات، بە ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تری سیاسی کۆتایی پێدێت".

سەندیکاکانی بەریتانیا چۆن دەستیان بە کەمپەینی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' کرد؟

گەورەترین سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەندا  (یەکێتیی یەکگرتوانە - Unite The Union - یونایت زە یونێن)، کە ناسراوە بە یونایت (UNITE) و ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، لەگەڵ سەندیکای گشتیی کرێکاران (GMB - جی ئێم بی) بەریتانیا، کە ٧٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، لە نیسانی ٢٠١٦دا بە بڕیارێکی هاوبەش دەستیان بە کەمپەینی (Freedom for Ocalan – ئازادی بۆ ئۆجالان) کرد.

لە ماوەی ٤ ساڵی ئەو کەمپەینەدا لە رێگەی پانێڵ و مێزگرد، سمینار و کۆنفرانس، پارادیگمای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ هەزاران هاووڵاتی و چالاکوان و خوێندکار و کەسایەتیی بەریتانی شیکراوەتەوە. ئەو کەمپەینەی سەندیکاکانی بەریتانیا وەرچەرخاوە بۆ یەکێک لە گە ورەترین کەمپەینەکانی جیهان.

یەکێتیی سەندیکای کرێکاران، کە پێشەنگایەتیی کەمپەینەکە دەکەن، واتە یونایت زە یونێن و جی ئێم بی ٤٨ سەندیکا لە ژێر چەتریاندایە و نوێنەرایەتی ٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کرێکار و زەحمەتکێش دەکەن و گەورەترین سەندیکا و رێکخراوی کرێکاران و رەنجدەرانی بەریتانیان. سەندیکای (یونیسۆن – Unison)یش، کە دووەم گەورەترین سەندیکای کرێکارانی بەریتانیایە و ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، دوای راگەیاندنی کەمپەینەکە پشتیوانی لە ئازادیی ئۆجالان کرد و بەشداریی لە کەمپەینەکەدا کرد.

هەروەها سەندیکای کرێکارانی ڕاگەیاندن (سی دەبلیو یو - CWU)، کە  ٢٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، سەندیکای نیشتمانیی مامۆستایان (ئێن ئی ئەی ئێن یو تی -  NEA NUT)، کە ٤٥٠ هەزار ئەندامی هەیە، سەندیکای کاری گشتیی (جی ئێف تی یو – GFTU)، کە ٤٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، سەندیکای شۆفێرانی شەمەندۆفێر (ئەی ئێس ئێل ئی ئێف - ASLEF) و (تی ئێس ئێس ئەی - TSSA)، کە ٤٥ هەزار ئەندامیان هەیە، سەندیکای کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە (ئێف بی یو -FBU )، کە ٥٥ هەزار ئەندامی هەیە، سەندیکای مامۆستایانی سکۆتلاند (ئی ئای ئێس - EIS)، ٨٠ هەزار ئەندامی هەیە، سەندیکای بارهەڵگری دەریایی و ڕێگای ئاسنین (ئاڕ ئێم تی - RMT)، ٨٠ هەزار ئەندامی هەیە، لەگەڵ چەندین سەندیکای تری کرێکاری و هونەری دا لە کۆنگرەکانی خۆیاندا بڕیاریانداوە، کە چالاکانە بەشداری لە کەمپەینی "ئازادی بۆ ئۆجالان"دا بکەن و بۆ ئازادیی ئۆجالان تێدەکۆشن.

ژ.ت