رۆژنامەى دێرفرایتەگی ئەڵمانی ژمارەی ئەمڕۆی تەرخانکرد بۆ هەڵمەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان"

رۆژنامەى دێرفرایتەگی ئەڵمانی یەکێکە لە دیارترین رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە و ژمارەى ئەمڕۆی تەرخانکرد بۆ بانگەوازی سەندیکاکانی بەریتانیا بە ناوی "کاتیەتی، ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ئاشتی بۆ کوردستان".

سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەند بە ناوی یەکێتیی یەکگرتوانە  (Unite The Union - یونایت زە یونێن)، کە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەندامی هەیە و یەکێکە لە گەورەترین سەندیکاکانی بەریتانیا و سەندیکای گشتیی کرێکاران (GMB - جی ئێم بی)، کە ٧٠٠ هەزار ئەندامی هەیە ماوەیەکە کەمپەنێک بە ناوی "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەڕێوەدەبەن. رۆژنامەى دێرفرایتەگی (هەینی) ئەڵمانیا یەکێک لە هەفتەنامە سەرەکییەکانی ئەڵمانیا ژمارەى ئەمڕۆی هەینی ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ی ئەم هەفتەیەی تەرخانکرد بۆ کەمپەینی سەندیکاکانی بەریتانیا.

رۆژنامەکە هەموو لاپەڕەکانی تەرخانکرد بۆ ئەو کەمپەینە و بۆ ئەوەش وێنەکانی کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی بەریتانیای بەکارهێنا. ئەو وێنانە وێنەى ئەو سەندیکاوانانە بوو، کە لەو کۆنگرەیەدا پۆستەرەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد-یان بەرزکردبووە.

"ئازادی سوودی بۆ ئاشتی دەبێت"

بانگەوازەکە بە ناوی "کاتیەتی؛ ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ئاشتی بۆ کوردستان" بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتووە، رێبەری گەلی کورد لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا بە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان لە کینیاوە رفێنرا بۆ تورکیا. ئەوەشی تیادا هاتووە، "لەو رۆژەوە ئۆجالان رفێنراوە، ماوەى ٢٠ ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕ هەیە، داگیرکەری و هێرش بەردەوامیی هەیە".

لە بانگەوازەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئۆجالان لە کاتی دیلگرتنیدا بە بەردەوامی ژیانی خۆی بۆ ئاشتی، ئازادی و چارەسەریی کێشەی کورد تەرخانکرد. هەروەها ئاماژەشیان بە کەمپەینەکانی ئەمساڵانەى دوایی کردووە.

باسی ئەوەشکراوە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦دا کەمپەینێکدا بە ناوی "من عەبدوڵا ئۆجالان بە ئیرادەی سیاسیی خۆم دەزانم و قبوڵی دەکەم" ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کورد ئیمزایان کرد. لە ساڵی ٢٠١٥دا زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس داوای "ئازادی بۆ ئۆجالان"یان کرد.

لە بانگەوازەکدا ئەوەش هاتووە:

 "ئۆجالان نەک تەنها کەسایەتی و فیگەرێکی سیاسییە نییە کە لە ناوچەکەدا رۆڵی چارەنووسساز دەگێڕێت و لە چارەسەریی کێشەى کورددا کاریگەرە، بەڵکو لە هەمان کاتدا خاوەن بیر و رامانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە، کە لە رۆژئاوا (باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا) جێبەجێ دەکرێت. لە سایەی ئەو بیر و رامانەدا، لە ناوچەیەک کە لە شەڕدا نقوم بووە، رۆژئاوا بووە بە سیمبولی دیموکراسی و ئازادی. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە شەڕ و ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بە سەرۆکایەتیی حکومەتی تورک بەڕێودەچێت، بە ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی کۆتایی پێدێت".

مانگی تشرینی دووەمی رابردووش بانگەوازێکیتری وەک ئەم بانگەوازە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە رۆژنامەى دی تاگس زایتۆنگ (TAZ)ی ئەڵمانیادا بڵاوکرابوویەوە.

ژ.ت