سەربازانی تورکیا لە ناوچەی شێرا خانووی هاووڵاتییان دەڕوخێنن

سوپای تورکیا و گروپە چەتەکانی لە گوندی کورتلوک-ی ناوچەی شێرای عەفرین ٣٥ خانووی هاووڵاتییان و کارگەیەکی زەیتیان رووخاند.

سوپای تورکیای داگیرکەر و گروپە چەتەکانیان، هەزاران خانووی هاووڵاتییان و دوکان و کارگەیان لە ناوەندی شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری وێرانکردووە.

زیاتر لە نیوەی خانووەکانی گوندی کورتلوک-ی ناوچەی شێرای عەفرین پاش تاڵانکردنیان، لەگەڵ کارگەیەکی زەیتدا، بە شۆفڵ وێرانکران.

هاوڵاتیی ئی.ب خاوەنی کارگە و یەک لە خانووەکانی ئەو گوندەیە و رایگەیاند "خانووی من هیچ زیانێکی بەرنەکەوتبوو، بەڵام سەربازانی تورکیا بە شۆفڵ وێرانیان کرد. تەنها خانووی منیان وێران نەکرد، بەڵکو زیاتر لە ٢٥ خانووی تریان رووخاند و ٢٠٠ داری زەیتوونیان لە رەگەوە هەڵکەند. خانووی عەرەبە رەسەنەکانیشیان بە تەواوی وێران کردووە. بە کورتی زیاتر لە نیوەی گوندەکەیان وێران کردووە و ئەو بەشەیشی ماوەتەوە بۆ خێزانی چەتەکان هێڵدراوەتەوە، کە لە گوند و ناوچەکانی ترەوە دەیانهێننە نێو مال و خانووی عەفرینیە ئاوارەبووەکانەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئیمە گەیشتوون، سوپای تورکیا و گروپە چەتەکانی لە گوندەکانی تریش دەستیان بەهەمان هەڵمەت کردوە".

ماڵ و کارگەکانیان تاڵان کردووە

هاووڵاتییەکی عەفرینی بەناوی "ئا.س.ر" ئاشکرایکرد، خانوو و کارگەی خۆی و کوڕەکەیان تاڵانکردووە و روونیکردەوە "لە ماڵ و دوکانەکەمدا زیاتر لە باری سێ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ئەشیا و شتومەک هەبوون، کە هی سێ بنەماڵە بوو، بەڵام تەواوی ئەو شتومەکانەیان تاڵانکرد. فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبارانی گوندەکەی ئێمەیان نەکرد، بەڵام گروپە چەتەکانی تورکیا بە هاوەن لە گوندەکەمان دەدەن و دواتر ماڵ و دوکان و کارگەکانمان تاڵان دەکەن. شەوان تا دەمەوبەیان بە هاوان لە گوندەکەمان دەدەن، کاتیک دەمەوبەیان دەڕۆمە دەرەوە دەستبەجێ تەماشا دەکەم تاوەکو بزانم لە ماڵی کێیان داوە".

ئەو هاووڵاتییە وتیشی "لەناو یەک کاتژمێردا ٢٩ هاوەنیان بە خانووەکانمانەوە نا و ئێمەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی خۆمان ناچاربووین هەڵبێین. کە ئێمە ناچار بە هەڵهاتن کراین، داویانە بەسەر ماڵ و دوکانەکەماندا و تاڵانیان کردووە. خۆزگە لەماڵ دەرنەچوومایە، بەڵام من بە تەمەنم و منداڵەکانم رێگەیان نەدا بمێنمەوە و من و هاوسەرەکەمیان لەگەڵ خۆیان برد. وتیان ئەگەر لیرە بمێننەوە، هاوەن دەتانکوژێت. چەتەکان لەوێ دەمێننەوە و تەواوی شتومەکی خۆم و کوڕەکەمیان تاڵانکردووە".

ر.م