لایەنگرانی سەدر کشانەوە و خۆپیشاندەرانیش چالاکییەکانیان زیاتر کرد

دواى وەستانی هێرشی لایەنگرانى سەدر خۆپیشاندانەکان سەرلەنوێ زیادیانکردەوە. سەدر هەڕەشە لە محەمەد تۆفیق عەلاوی کرد، کە راسپێردراوە بۆ پێکهێنانى حکومەت.

خۆپیشانەکان لە دژی حکومەتى عێراق لە شارەکانى بەغدا، نەجەف، کەربەلا، زیقار، بەسرە، بابل، دیوانیە و ناسریە بەڕێوەدەچوون، دواى ئەوەى لایەنگرانى سەدر لە کۆتایى مانگی یەکی ئەمساڵدا کۆتاییان بە بەشدارییان و دواى ئەوەش هێرشەکانیان بۆ سەرخۆپیشاندەران هێنا، سەرلەنوێ خۆپیشاندنى گەورە و جەماوەری دەستیان پێکردەوە.

نزیکەى ٣٠ خۆپیشاندەر کوژران

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر تاوەکو ماوەیەک لەوە پێش زۆر جار پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکان دەکرد، بەڵام دواى ئەوەى ئەمریکا لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس بەرپرسی دووەمی حەشدی شەعبیى لە هێرشێکدا لە بەغدا کوشت، رەوتی سەدر لە ٢٤ی کانوونی دووەم دا خۆیان لە خۆپیشاندانەکان کشاندەوە. داى ئەوەى سەرۆکی رەوتی سەدر پشتیوانیى خۆی لە خۆپیشاندانەکان کشاندەوە، ئەمجارە لایەنگرانی بۆ بڵاوەپێکردن بە خۆپیشاندانەکان هێرشیان کردە سەر چالاکوان و خۆپیشاندەران، لە ئەنجامدا ٣٠ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ خۆپیشاندەری تریش بریندار بوون.

دواى ئەوەى لایەنگرانی سەدر، کە بە "کڵاو شین"ەکان دەناسران لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان کشانەوە، لە بەغدا و چەندین شاردا سەرلەنوێ خۆپیشاندانی بەشێوەى جەماوەری و بەرفراوان دەستیان پێکردەوە.

هەزاران خوێندکار بەرەوە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا رێپێوانیان ئەنجامدا.

لە کەربەلا، بابل، نەجەف و زیقار خۆپیشاندەران رژانەوە سەر شەقامەکان.

خۆپیشاندەران، کە ئاڵاى عێراقیان بەرزکردبووە لە دژی محەمەد تۆفیق عەلاوی، کە بۆ پێکهێنانى حکومەت راسپێردراوە و هەروەها لە دژی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدری شیعە دروشمیان بەرزکردەوە.

سەدر هەڕەشە لە عەلاوی دەکات

لە نێوانەدا موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدری شیعەکان هەڕەشەى لە محەمەد تۆفیق عەلاوی کرد.

سەدر رایگەیاند، ئەگەر ئەنجوومەنى وەزیران لە حیزبێک دروست بکات ئەوا لە ماوەى ٣ رۆژدا حکومەتەکەى هەڵدەوەشێنێت.

کازم عیساوی یاریدەدەری سەدر بۆ کاروباری سەربازی لە بەغدای پایتەخت لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا وتی "ئەگەر ئەنجوومەنى وەزیران لە ئەندامانى لایەنێک بە تایبەتى لە ئەندامانى گروپە چەکدارەکانى شیعە پێکبهێنرێت، ئەوا بزووتنەوەى عێراق بۆ عەلای وەردەسوڕێنن بۆ دۆزەخێک و حکومەت لە ماوەى ٣ رۆژدا هەڵدەوەشێننەوە".

عیساوی رایگەیاند، بزووتنەوەى سەدر بەهیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لەو حکومەتە و ئەگەر رێگری لە پێکهێنانى حکومەتەکەى عەلاوی بکرێت، ئەوا دەچنە ناوچەى سەوز.

دواى ئەوەى عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى عێراق دەستی لەکارکێشایەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق ئەرکی پێکهێنانى حکومەتى لە ١ی شوبات دا دایە سیاسەتمەداری سەربەخۆی شیعە محەمەد تۆفیق عەلاوی.

خۆپیشاندەران بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، کە ناوی عەلاوی لە ئەنجامی رێککەوتنى نێوان موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیى فەتح دراوەتە بەرهەم ساڵح بۆ پێکهێنانى حکومەت.

عەلاویش رایدەگەیەنێت، ناوەکەى لە رێگەى ئیمزای ١٧٠ پەرلەمانتارەوە پێشکەشی سەرۆک کۆمار کراوە.

دەبێت محەمەد تۆفیق عەلاوی لە ماوەی مانگێکدا حکومەت پێکبهێنێت و دەنگ و متمانەش لەلایەن پەرلەمانەوە بەدەست بهێنێت.

ژ.ت