داوای بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكۆژی ئێزیدیەكان دەكرێت

له‌ كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی ژنان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پاكتاو و قڕكردنی ژنان كه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، داوای به‌ جینۆسایدناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان كرا.

كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی قڕكردنی ژنان و بەتایبەتی ژنانی ئێزیدی كە بەدرۆشمی"بەئێرادەی ژنانی ئازاد، بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگاڵ دەبینەوە" لەهۆتێل بەغداد دەستی پێكردوە و كۆنفرانسەكە رۆژێك دەخایەنێت.

 لەوتاری كردنەوەی كۆنفرانسەكە كە لەلایەن بۆشرا ئەبو عەیس، ئەندامی كۆمیتەی ئامادەكاری كۆنفرانسەكە پێشكەشكرا، جەخت لەكۆمەڵكۆژی ئێزیدیەكان كرایەوە و رایگەیاند؛ لەكۆمەڵكۆژی ئێزیدیەكاندا سێ هەزار ئێزیدی كۆمەڵكۆژكراون و بەلانیكەمەوە پێنج هەزار كەسیش رفێندراون و چوارسەد هەزاریش ئاوارەی شارەكانی هەولێر و دهۆك و زاخۆ و سلێمانی بوون و زیاتر لە هەزار و پێنج سەد ژن دەستدرێژیان كراوەتە سەر و لەبازارەكانی سوریادا وەكو كەنیزەك مامەڵیان پێوەكراوە".

بۆشرا ئەبو عەیس جەختیشی لەوە كردەوە كە"داعش جینۆسایدی دژی ئێزیدیەكان ئەنجامداوە، هەموو جۆرە دەستدرێژیی و توندوتیژیەكی بەرامبەر بەژنان ئەنجامداوە و هەموو ئەو تاوانانەش بەبەڵگەنامەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش تۆماركراوە.

بۆشرا ئەبو عەیس لەكۆتایی وتارەكەیدا رایگەیاند؛ ئامانجمان لەم كۆنفرانسە لە ساڵیادی كۆمەڵكوژیی ٣ی ئابی ئێزدییەكان ئەوەیە، كە دۆخی عێراق و سووریا بەتایبەت بۆ ئێزدییەكان بخرێتە بەردەم دادگا و تاوانەكانی داعش بچەسپێنرێت و بكەرانی بە سزای خۆیان بگەن، هەروەها وەك لایەنی ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، لەم كۆنفرانسەدا داوا دەكەین كە جینۆسایدی شەنگال لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێت.

هـ . ب