لە دیلۆک و ئەدەنە و جۆلەمێرگ قڕکردنی سیاسی بەردەوامە

دەسەڵاتدارانی ئاکەپە- مەهەپە لە کردەوەکانیان بۆ قڕکردنی سیاسی بەردەوامن. لە دیلۆک ٦ کەس دەستبەسەر کران. لە ئەدەنە هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و لە جۆلەمێرگیش پارێزەرێک سزا درا.

ئۆپڕاسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی لە دژی سیاسەتمەدارانی گەلی کورد لە باکوری کوردستان کە لە چوارچێوەی زیهنییەت و فکری فاشیستی دەستەڵاتداریی ئاکەپە-مەهەپەدا بەڕێوە دەچێت، بەردەوامن. رۆژ نییە هەواڵی دەستگیرکردن و سزادان و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە لە باکوری کوردستانەوە بڵاو نەکرێنەوە. لەم چوارچێوەیەدا لە دیلۆک و ئەدەنەو جۆلەمێرگ جارێکی دیکە هەواڵی دەستگیرکردن و سزادان بڵاو بووەوە.

دیلۆك

لە دیلۆک ١٠ کەس لەو ٥٧ کەسەی دەستبەسەر کرابوون، ڕەوانەی دادگا کران. دوای وەرگرتنی وتەیان لە ماوەی ١٣ کاتژمێر، ڕەوانەی دادگا کران. لە ئەنجامیشدا محەمەد ئۆزکان هاوسەرۆکی هەدەپەی ناوچەی شاهینبەی و نافی دەمیر بەڕێوەبەری ڕێکخستنی هەدەپەی دیلۆک و گولەر ئەرات هاوسەرۆکی پێشووی دیلۆک-ی هەدەپە و بیرجان دەمیر هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی ناوچەی شەهید کامیل و نەسیبە چنار و قاسم شان هەردوو ژمێریاری هەدەپەی ڕێکخستنی دیلۆک دەستگیر کران.

ئه‌ده‌نه‌

لە ئەدەنە هێزەکانی پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی بەرپرسی پەخشی گشتی ڕادیۆی دونیا و بە بڕیاری دادگا پەخشی بەرنامەکانی وەستێندرا. بەهۆی ئەوەی کە مەدینە گوموش بەرپرسی پەخشی رادیۆکە لە دەرەوەی وڵات بوو، نەتوانرا دەستگیر بکرێت.

جۆله‌مێرگ

هاریکا گونای کاراتاش کە لە ناوچەی گەڤەر پارێزەرە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت لە هەژمارەکەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بیانووی 'پروپاگەندە بۆ ڕێکخستن' دادگایی کرا. دادگای جۆلەمێرگ سزای زیندانیکردنی سێ ساڵ و یەک مانگ و ١٥ ڕۆژی بۆ کاراتاش بڕییەوە. بڵاوکراوەکانی کاراتاش لە ماوەی ٧ ساڵی رابردوودا، لە دۆسییەکەیدا کۆ کراونەتەوە و وەکو تاوان ژمێردراون.

کاراتاش لەبارەی ئەو سزایەی بۆی بڕاوەتەوە ناڕەزایی نیشان دا و وتی، لە سیاسەتی دیموکراتیکدا ڕەخنەی ئازاد باس دەکریت و ئەوانەی لەم وڵاتە دەژین هەموویان وەکو "گومانلێکراوی ئاسایی" دەبینرێن. کاراتاش باسی لەوەش کرد، بڕیارەکەی دادگا نایاساییە و ئەو سزایە قبوڵ ناکات.