ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عەفرین

چالاکییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی سەردەم-ی عەفرین لە ڕۆژهەڵای درێژەی دەبێت.

دوێنێ ئێوارە لە زۆربەی شارەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی پشتگیری بۆ بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین، هاووڵاتیان ڕژانە سەر شەقامەکان، بڕیارە ئەمڕۆش ناڕەزاییەکان بەردەوامییان هەبێت.

ئێوارەی دوێنێ سەرەڕای هەموو گوشارەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان و چالاکییان ئەنجامدا و هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیایان بۆ سەر عەفرینیان شەرمەزارکرد، بڕیارە ئەمڕۆش خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.

بەپێی باگەوازییەک کە کۆمیتەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکان ڕایگەیاندبوو، وابڕیاربوو خۆپیشاندانەکان لە سەرتاسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتژمێر ٤ ئێوارە بە کاتی کرماشان  دەست پێبکات، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ رێگری لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان پێشوەخت لە شەقامەکاندا جێگیر بوون و شەقامە سەرەکییەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە .

سەرەڕای ئەوەش هاوڵاتیانی کورد بە ورەی بەرزەوە چالاکییان ئەنجامدا و بە وتنەوەی دروشمی "بژی بەرخۆدانی عەفرین" و "مەرگ بۆ ئەردۆغان" پشتگیریی بەرخۆدانی عەفرینیان کرد.

ڕاگەیەندرا، هەزاران هاوڵاتی لە شارەکانی بۆکان، مەریوان، کامیاران، سەقز، سنە، مەهاباد و سەلماسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، تارانی پایتەخت خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

هاوکات لە شاری مەریوانەوە، کە ژنان لەو شارەدا پێشەنگایەتیی خۆپیشاندانیان کردووە و چەند چالاکوانیش بە ناوەکانی عەدنان حەسەنپوور، ئارمان غەفوری، محەمەد دانش، فەرامەرز محەمەدی، ناسێح باخیشی، دیار یەزدانی و ئەحمەد ئیران پەناه لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، دەستگیرکراون.

هەروەها کۆمیتەی ڕێکخەری چالاکییەکان بۆ عەفرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە ئەمڕۆ بە بۆنەی چوارشەممە سوورییەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان و پشتگیریی بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین دەکەن.

ر.م