کەژار:"تێکۆشانی ئازادیمان، تێکۆشانی ئازادی هەموو ژنانە"

رۆژین هێژا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) سەبارەت بە سیاسەتەکانی رژێمی ئێران لەسەر گەلانی ئێران و زەخت و گوشار لەسەر زیندانیانی سیاسی کرد.

رۆژین هێژا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) سەبارەت بە سیاسەتەکانی رژێمی ئێران لەسەر گەلانی ئێران و زەخت و گوشار لەسەر زیندانیانی سیاسی و هەروەها زەخت و گوشار لەسەر ژنان هەڵسەنگاندنی کرد و باسی لە گرنگی کەمپەینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان کرد .

کۆردیناسیۆنی کەژار لەسەرەتای قسەکانی‌دا ئاماژەی بە قۆناغی ئێستا کرد کە بە پێشەنگایەتی ژن بۆتە قۆناغێکی خۆڕاگری و تێکۆشان و هەروەها شەهیدانی رێگای ئازادی وەبیر هێنایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوڕۆکە لە هەر چوار بەشی کوردستان ژنان تێدەکۆشن و قارەمانێتی دەکەن. لە کەسایەتی ئەسمەران‌دا، لە کەسایەتی نوجانان‌دا، لەکەسایەتی زەینەب جەلالیان‌دا قۆناغێکی تێکۆشان و خۆڕاگری بەڕێوە دەچێت. خۆڕاگری ئەوان سڵاو دەکەین و سەری ریز و نەوازشت لە بەرانبەر شەهیدان دادەنەوێنین.

"دەوڵەت زەختە، گوشارە، دەسەڵاتە، زوڵم لەسەر گەلانە، نادادپەروەرییە"

بەبڕوای ئێوە ئامانجی رژێمی ئێران لە زەخت و گوشارەکانی ئەم دواییانە لەسەر گەل چییە؟

رۆژین هێژا:"ئێران لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی‌دا لە قەیرانێک دایە و سەبارەت بەم قەیرانانە و زەختێک کە لەسەر گەل بەڕێوەدەچێت. لە مانگی خەزەڵوەردا نیشاندرا کە گەل ناڕازییە و رادەپەڕێت، ئەو زەخت و گوشارانەش لەسەر ئەو بنەمایە درووست دەبێت. هەڵبەتە ئێرانیش لەم دۆخە رازی نییە. نایهەوێت لەنێو خاکی ئێران‌دا شەڕ درووست ببێت بۆ ئەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی، لە وڵاتانی دەرەوە شەڕ بەڕێوە دەبات. لە هەمان کاتدا لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوە دیدار دەکات و بەوانە خوازیارە خۆی بەهێز بکات. ئێران لەنێو خۆیدا لە ئاڵۆزی و قەیرانێک دایە و کەسانێکیش کە رژێمی ئێران بەڕێوە دەبەن لە ئاستێکی بەرزدا گەندەڵی دەکەن. بۆ ئەوە ئێران دەیهەوێت لەسەر پێیان بمێنێتەوە و هێز و هاوپەیمانان درووست بکات. دەیهەوێت سەرلەنوێ خۆی ئاوا بکاتەوە. لەو قۆناغەدا لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوە دیداریان کرد؛ هەموو ئەوانە هەوڵدانێکن کە ئێران خۆی لەسەر پێیان بگرێت. ئێران بۆ رزگاربوون لەم قەیرانانە پێویستە لەناو خۆیدا لە چارەسەری بگەڕێت چونکە رووکردن لە دەرەوە بۆ ناوخۆ چارەسەری ناهێنێت و کێشەکان زیاتر قووڵ دەکات. گەل لەو سیاسەتانە ناڕازییە؛ چونکە هەم لەبواری سیاسی‌دا و هەم ئابووری‌دا زەختی خستۆتە سەر گەل. بە گشتی ئەگەر باس لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەکان بکەین، دەتوانین بڵەین کۆڵەکەیەکی سەرەکی سیستەمی سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوەیە. ئەگەر بڵێین دەوڵەت چییە؟ دەوڵەت زەختە، گوشارە، دەسەڵاتە، زوڵم لەسەر گەلانە، نادادپەروەرییە. هەر لەسەرەتای مێژووی سیستەمی دەسەڵاتدار و دەوڵەت لەسەر کۆمەڵگاکان زەخت و گوشاریان بەڕێوەبردووە. ئەوەمان لەبیر نەچێت هەتا رۆژی ئەمڕۆمان هەر بەمشێوەیە بەردەوام بووە. ئەمە راستی سەرجەم دەوڵەتەکانە. بۆ ئەوەی لەسەر پێیان بمێننەوە کۆمەڵگاکان دەخەنە ژێر رەکێفی خۆیانەوە و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئەخلاقی و دادپەروەری بەڕێوە نابەن بەڵکو، بە زوڵم و زۆری و خەڵەتاندن دەسەڵاتی خۆیان بەردەوام کردووە و دەکەن."

"دەوڵەتەکان ویستیان تەمەنی خۆیان بەکۆرۆناوە درێژ بکەنەوە"

هەڵوێست و سیاسەتی دەوڵەتی ئێران لە قۆناغی دەرکەوتنی کۆرۆنادا چۆن بوو؟

رۆژین هێژا:"ئەگەر بڕوانین توێژێکیش کە هەرە زۆر نادادپەروەری و زوڵمی لێکراوە، بێگومان توێژی ژنە. لەنێو ئێرانیشدا بەهەمان شێوەیە. لە راستی‌دا دەبینین کە هەموو گەلانی ئێران‌ لە بەرامبەر بە دەوڵەت راپەڕین. لە ساڵی ٢٠١٩دا دیتمان کە لە سەراسەری جیهان خۆپێشاندان هەبوو، لە فەرانساوە بگرە هەتا شیلی، لە تورکیاوە بگرە هەتا ئێران لە دژی دەوڵەتان و ئەرتەشان خۆپێشاندان هەبوو. کاتێک ئەم بابەتە شی دەکەینەوە بە واتای ئەوەیە کە دەوڵەت هێزی چارەسەری نییە؛ دەوڵەت تەنیا ئەوەیە کە بۆ کۆمەڵگاکان کێشە و قڕکردن دێنێت. قۆناغێک کە وەکوو قۆناغێکی بەرچاو دەتوانین هەڵیسەنگێنین قۆناغی دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنابوو. وتیان پەتایەکە و هەتا ئێستاش لە رۆژەڤی هەموو جیهان‌دایە. بەمشێوەیە لەسەر کۆمەڵگا زەختیان ئاواکرد. دەوڵەتەکان ویستیان تەمەنی خۆیان بە کۆرۆناوە درێژ بکەنەوە. بە تایبەت چونکە کۆمەڵگاکان لەبەرامبەر دەوڵەتان سەرهەڵدانیان کرد. لە راستی ئێرانیش‌دا ئەمەمان بەدی کرد.لە قۆناغی هەڵبژاردن‌دا کۆرۆنایان بە رۆژەڤ کرد بۆ ئەوەی بنکەوتنیان لە هەڵبژاردن بشارنەوە. لە کاتی کۆرۆناشدا هیچ خزمەتێکیان بە گەل نەکرد و تەگبیری پێویست نەگیرا. گەنجان خۆیان وەکوو فیدایی گەل بەناو کرد و خزمەتیان بە گەل کرد.

دەوڵەت لە ئیرادە، خۆبوون و تێکۆشانی ئازادی ژن، دەترسێت

بۆچی دەوڵەتی ئێران لە ژنان دەترسێت و زەخت و گوشارەکانی لەسەر ژنان زیاد کردووە؟

رۆژین هێژا:"لە رۆژی ئەمڕۆماندا دەبینین کە دەوڵەت لە هێزی گەل بە تایبەتیش لە هێزی ژنان دەترسێت هەرە زۆریش لە هێزی ژنی بەرێکخستن بوو دەترسێت. چونکە دەوڵەت بە واتای دەسەڵات و زۆردارییە و ژن هەرە زۆر لە بەرامبەر بەوانە سەرهەڵدان دەکات. کاتێک ژن لە بەرامبەر بەوانە سەرهەڵدان بکات و تێبکۆشێت هەڵبەتە کە دەوڵەت لێی دەترسێت لەم سۆنگەیەشەوە زەخت و گوشاری لەسەر ژنان زیاد دەکات. ئەوەی کە هەرە زۆر کۆمەڵکوژی، قڕکردن و دەستدرێژی لەبن ناوی یاسادا لەسەری دەکرێت، ژنە. بێ گومان ژنیش ئەمە پەسەند ناکات. نە تەنیا لە ئێران‌دا بەڵکو ئەمە راستی هەموو دەوڵەتانە. ئەمە راستی دەوڵەتانە کە لە ئیرادەی ژن، لە خۆبوونی ژن و ژنێک کە تێکۆشانی ئازادی بەڕێوە دەبات، ترسێکی گەورە هەیە چونکە؛ لەناو چوونی خۆی بەدەستی ئەو ژنانە دەبینێت. ئەمڕۆکە دەوڵەتەکان لاواز بوونە و هۆی ئەو هێرشە بێ پەروایانەیان لاوازییانە. ئێمە دەزانین کە ئیدی راستی کۆمەڵگاکان گەیشتووە بەو ئاستەی کە زانست و مافخوازی گەلان ناهێڵێت دەوڵەت لەسەر پێیان بمێنێتەوە. وادەکات گەل بۆخۆی خۆی بەڕێوە ببات و خۆی بەرێکخستن بکات."

بە گرتن و سێدارە کۆمەڵگا چاوی ناترسێت و رووەو دواوە هەنگاو هەڵناگرێت

ئامانجی ئێران لە سێدارەکردن و گرتنی گەل چییە؟ دەیهەوێت بەچی بگات؟

رۆژین هێژا:" وەکوو ئاماژەشمان پێی کرد؛ دەوڵەت دەیهەوێت بە زەخت و گوشار لەسەر گەل خۆی بەردەوام بکات. ئاستێک کە دەوڵەت لەسەر گەل بەڕێوەی دەبات، لە ئاستی دیکتاتۆری دایە. بۆ نمونە سەرهەڵدانێک، مافخواستنێک دەکاتە هۆی قۆڵبەست کردن و سێدارە کردن چونکە ماف، رەوشت، نزیکایەتی دیموکراتیک و دادپەروەری لە دەوڵەتان‌دا بوونی نییە. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە ژنانێک کە بە شێوەیەک لە مافی خۆیان دەگەڕێن و لەبەرامبەر راستی دەوڵەت رادەپەڕن، داوای مافی یاسایی، ژیانی و کۆمەڵایەتی خۆیان دەکەن؛ دەستبەسەر دەکرێن و بە دەیان ساڵ بەندکردن بەس نەبوو، سزای هەرە قورسیان بەسەردا سەپێندرا. دەوڵەتی ئێران بە سێدارەکردن و بەندکردن دەیهەوێت چاوی گەل بترسێنێت. یان ژینگەپارێز گەلێک کە بەهانای دارستانەکانەوە دەچن و چالاکی ژینگەپارێزی دەکەن لە بن ناوی بەرهەڵەستکار دەستبەسەر دەکات. لە ئێران ‌دا لەسەر هەموو گەلان ئەوەندە زەخت و گوشار هەیە و هەر شتێک دەکاتە بابەتی سیاسی و لەبن ئەو ناوەوە بەند دەکات و لەسێدارە دەدات. دەوڵەتی ئێران دەبێ ئەوە بزانێت کە بە زەخت و گوشار و سێدارەکردنان ناتوانێت درێژە بە خۆی بدات. دەبینین کە رۆژانە بە دەیان کەس قۆڵبەست دەکرێن و سێدارە دەکرێن بەڵام کۆمەڵگا چاوی ناترسێت و رووەو دواوە هەنگاو هەڵناگرێت بەڵکو؛ زیاتر خۆڕاگری و سەرهەڵدان دەکات. چەندە بەندکردن و سێدارە کردن زیادیش بکات کۆمەڵگا سەری دانانەوێنێت و خۆڕاگری و تێکۆشان دەکات."

رژێمی ئێران لە خۆڕاگری و تێکۆشانی زەینەب جەلالیان دەترسێت

را و بۆچوونی ئێوە سەبارەت بە کەمپەینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان چییە؟

رۆژین هێژا:" سەرەتا خۆڕاگرییەک کە لە لایەن هەڤاڵ زەینەب جەلالیان، نەرگیز محەمەدی، سەکینە پەروانە و زۆر ژنی خۆڕاگری‌ترەوە بەڕێوە دەچێت؛ سڵاو دەکەین و هیوای سەرکەوتنمان بۆیان هەیە. لەم قۆناغەدا گوشارێک کە لەسەر ئەو زیندانیانە هەیە لە کەسایەتی ئەواندا گوشار لەسەر هەموو گیراوان و هەموو ژنانە. زەینەب جەلالیان وەکوو ژنێکی خۆڕاگری کورد، بەساڵانە لە زیندان دایە و لە قۆناغی کۆرۆنادا دەتوانین بڵەین کە بە ئەنقەست لە زیندانان دەیانگواستەوە هەتاوەکوو تووشی کۆرۆنا بکرێت. نە تەنیا زەینەب جەلالیان بەهەمان شێوە زۆر زیندانی‌تریشیان وەها لێکرد. ئێستاکە گوشارێک کە لەسەر هەبوون و ئیرادەی ژنان هەیە هەڵبەتە کە ژنانی تێکۆشەر ئەوە پەسەند ناکەن. لە ئەنجام‌دا زەینەب جەلالیان ژنێکی تێکۆشەر و خۆڕاگرە. دەبینین کە هەم گەلی کورد و هەم گەلانی ئازادیخواز و دیموکراسی‌خواز خاوەندارێتییان لە زەینەب جەلالیان کرد و کەمپەینێکیان لە ئەوروپا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکخست و پشتگیرییەکی زۆریشیان هەیە. ئەمە کارێکی گرنگ بوو چونکە؛ لە بەرامبەر بە خۆڕاگری و تێکۆشانی زەینەب جەلالیان ترسێک هەیە. راستە لە زیندانەکان‌دا، زیندانیان خۆڕاگرییەکی گەورە بەڕێوە دەبەن بەڵام، خاوەندارێتی کردنی ئێمەش لە دەرەوە لە خۆڕاگری ئەوان خاوەن گرنگییەکی تایبەتە چونکە؛ ئەو زیندانیانە بۆ مافی مرۆڤ و مافی ژن دەستبەسەر کراون. پێویستە دەوڵەت ئەوە بزانێت کە رۆحی خۆڕاگری بەردەوام زیندووە و لە هەموو جیهان بڵاو دەبێت. پێویستە بە تایبەت ژنان خاوەندارێتی لەم کەمپەینانە بکەن."

"بزوتنەوەی ئازادی ژنان بۆ هەموو ژنانی ئازادی‌خوازی جیهان بووە بە ئیلهامێک"

ئێوە وەکوو کەژار دەتانهەوێت چ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا درووست بکەن؟

رۆژین هێژا:" بێ گومان هۆکاری هەبوونی رێخستنی ئازادی ژنانی رۆژهەڵات بەرزکردنی تێکۆشانی ئازادی لەنێو ژنانی کۆمەڵگادایە. لە بەهاردا کۆنگرەی سێیەممان پێکهێنا و هەنووکەش بە بڕیار و خەباتەکانمان کۆنگرەکەمان لە رۆژەڤمان‌دایە. بێ‌گومان کەژار تەنیا رێکخستنێکی ژنانی رۆژهەڵات نییە، لە هەمان‌کاتدا رێکخستنی هەموو ژنانی ئێرانیشە. وەک چۆن دەڵێین تێکۆشانی ئازادیمان، تێکۆشانی ئازادی هەموو ژنانە؛ ناسنامەی کەژاریش بەهەمان شێوەیە. بۆ کۆنفێدرالیزمی ژن، بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ ژنان تێکۆشان دەکەین. پێویستە هەموو ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا لە دەوری کەژار کۆببنەوە. وانییە کە بڵەین رێکخستنێکە و هێندێک ژنی تێدایە پێویستە هەموو ژنان کەژار وەکوو ناسنامەی خۆیان ببینن. کەژار هێزێکی رێکخستن‌کراو و پێشەنگە کە بۆ تەواوەتی ژنان پێشەنگایەتی دەکات. لە قۆناغی ئێستادا ئاستی زانستی ژنان و ئاستی راوەستان لەبەرامبەر گوشار لەسەر ژنان درووست بووە. ئەوە لەنێو خێزانێکیش‌دا وایە، لە بەرامبەر دەوڵەت و سیستەمیش وایە. پێویستە هەموو ژنانیش بڵێن کە ئەمنیش تێدەکۆشم. پێویستە لەبەرامبەر سیستەمی هەیی سەرهەڵدەین. نەڵێین مەگەر چی لەدەست من دێت؟! مەگەر من دەتوانم چی بکەم؟! یەک بە یەک دەبن بە هەزار. بزوتنەوەی ئازادی ژنان بۆ هەموو ژنانی ئازادی‌خوازی جیهان بووە بە ئیلهامێک. ئەمە لە راستی رۆژئاوای کوردستان‌دا بەدی کرا. فیکر و فەلسەفە و پارادایمی رێبەر ئاپۆ لە رۆژئاوای کوردستان خۆی نیشان‌دا."

"وەک کەژار پێشەنگایەتی‌کردن بۆ ژنان ئەرکی سەرەکی ئێمەیە"

ئامانجی کەژار بە تایبەت لەم قۆناغەدا چییە؟

رۆژین هێژا:" هەڵبەتە کە ئامانجی کەژار ئەوەیە کە خۆی بگەیێنێتە هەموو ژنان و هەموو کۆمەڵگا و بە شێوەیەکی راست بە رێکخستنیان بکات. ئەوکاتە ژنانیش دەبێ بە شێوەیەکی وشیارتر و بە زانابوونەوە بجوڵێنەوە و ئیتر ئەم سیستەمە پەسەند نەکەن. زۆر جاران ئێمە دەڵێین پێویستە ژن خۆی بە رێکخستن بکات رەنگە ئەوە بۆ ژنان پرسیار بێت کە چۆن خۆمان بەرێکخستن بکەین؟ پێویستە بخوێننەوە، لە راستی سیستەم و دەوڵەت بپرسنەوە و لەبەرامبەر بێ‌مافی و قڕکردنی ژنان سەرهەڵدەن و پەسەندەی نەکەن. رێکخستن بوون ئەمەیە؛ کاتێک لە بەرامبەر بەم زوڵم و نادادپەروەرییە سەرتهەڵدا و ناڕەزایەتیت دەربڕی، ئەو کاتە تۆ ژنێکی بەرێکخستن بووی. وەکوو کەژار ئامانجی ئێمەش ئەوەیە کە زیاتر خۆمان بە ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بگەیێنین و لەسەر بنەمای خۆگەیاندن بە مافی دیموکراتیک و ئازادی ژنان و خۆ گەیاندن بە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک، ژیانێکی یەکسان، هاوژیانییەکی ئازاد؛ پێویستە ژنان زانا بکەین. پێویستە ژنان لە سیستەمی رەگەزپارێز و موڵکایەتی دەرخەین و ژنان ببن بە هی خۆیان و بە فیکر و ئیرادەی خۆیان ژیانیان بەڕێوە ببەن. لەسەر ئەم بنەمایەش پیشەنگایەتی کردن بۆ ژنان هەڵبەتە کە وەکوو کەژار ئەرکی سەرەکی ئێمەیە و پێویستە زیاتر ئەوانە پێشخەین و لایەنە کەموکوڕییەکانمان تێپەڕ بکەین و لە کۆنگرەکەشماندا رەخنەدایینی کەموکوڕتییەکانمان دا و زۆر پیلانسازی درووست بوو کە لەسەر ئەو بنەمایە زۆر کۆمیتە و دەزگاکانمان سەرلەنوێ رێکخستەوە و لەم چوارچێوەیەدا ئێستاکە لە قۆناغێکی چالاکی داین و خوزیارین بۆ داخوازی هەموو ژنان لەسەر ئەم بنەمایە ببینە وڵامدەرەوە."

ژ.ت