چوارەمین کۆنفرانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی هات

چوارەمین کۆنفرانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی کار و خەباتەکانی کەنەکە، دوای پێشکەشکردنی پانێل و وەرگرتنی ڕاو بۆچوونی ئامادەبووان و خوێندنەوەی ڕەشنووسی ئەنجامنامە کۆتاییهات.

چوارەمین کۆنفرانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی کار و خەباتەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە بەشداری هاوسەرۆک و کۆنسەی بەڕێوبەری کەنەکە، نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زیاتر لە ٢٠٠ سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد.

کۆنفرانسە یەک ڕۆژەکەی کەنەکە بۆ ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بارودۆخی نالەباری ناوچەکە، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە لەسەر بەرنامەی “زووم” بەڕێوەچوو.

ئەم کۆنفرانسە لە دوو بەشدا و هەر بەشیک بە پێشکەشکردنی چەند پانێلێک لەلایەن پسپۆرانی بوارە جیاوازەکان، لەوانە توێژەرانی سیاسی، چالاکوانانی ژن، پسپۆرانی ژینگە، چالاکوانانی کرێکاری و نوێنەری ڕێکخراوەکان ئەنجامدرا.

دوای پێشکەشکردنی پانێلەکان، دیوانی بەڕێوبەری کۆنفرانسەکە، کە لە چوار کەس پێکهاتبوون، داوایان لە ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە کرد کە ڕا و بۆچوون و پرسیارەکانیان لەسەر پانێلەکان و هەروەها پێشنیارەکانیان پێشکەش بکەن.

دوای وەرگرتنی بۆچوون و پێشنیاری ئامادەبووان، پێشکەشکارانی پانێلەکان، وەڵامی تێبینیی و ڕەخنەی ئامادەبووانیان دایەوە و خالەكان لەلایەن دیوانی کۆنفرانسەکەوە نووسران.

لە دوای ئەمانەش، دیوانی بەڕێوبەری کۆنفرانس، ڕەشنووسی ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەیان خوێندەوە، کە لە ١٠ خاڵ پێکهاتبوون و دوای تێبینی و سەرنجی ئامادەبووان نۆ خاڵی دیکەی پێی زیادکرا و خوێندرایەوە.

گرنگترین ئەو خاڵانەی لە ڕەشنووسی ئەنجامنامەی چوارەمین کۆنفرانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەیان پێدرا بریتیبوون لە؛

شەرمەزارکردنی سیاسەتی سێدارە و سەرکوتی دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران، خاوەنداری لە گەل، پشتیوانی لە دەستگیرکراوەکان و زیندانیانی سیاسی، کۆڵبەری بە کارێکی ناچاری دانرا و هێرشی چەرکدارانە بۆسەر کۆڵبەران شەرمەزارکرا، پێشنیارکرا چەند چالاکییەکی هاوبەش ئەنجامبدرێت، وەک نووسینی نامەیەک بە زمانی ئینگلیزی و پێشکەشکردنی بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، خۆپیشاندانێکی تایبەت بە کۆڵنەران لە هەموو شارەکانی جیهان، هەروەها خۆپیشاندانێک لە هەموو وڵاتانی جیان دژی دەسەڵاتی ئێران لەژێر ناوی “هەموومان ڕۆژهەڵاتین”، خاوەنداری لە زمانی کوردی و بایەخدان بە زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی، کەنەکە ڕۆڵی خۆی لە نزیککردنەوەی پارت و ڕیکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگیڕێت، بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی و پێشخستنی بیری فرەلایەنی و یەکتر قبوڵکردن، پارت و لایەنە سیاسییەکان هەوڵی پێشخستن و ئەنجامدانی کار و پرۆژەی هاوبەش بدەن، لایەنە سیاسییەکان پێکەوە دژی لەسێدارەدان، زیندانی کردن و تیرۆری چالاکوانان بوەستنەوە، بایەخدان بە جیاوازییە ئەتنیکی و باوەڕییەکان بە گەرەنتیی خۆشگوزەرانی و هەوێنی کۆمەڵگایەکی مرۆیی تەندروست لە داهاتوودا زانرا، گرنگیدان بە ژینگە و پاراستنی، پشتیوانی لە کارو چالاکیی ژنان و بایەخدان بە یەکسانی ژن و پیاو” و

دیوانی بەڕێوبەری کۆنفرانسەکە ڕایانگەیاند کە ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفرانس، دوای پێداچوونەوەی ڕیزمانی و ئامادەکردنی پێشکەشی ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکان دەکرێت و نۆسخەیەکیشی بۆ هەریەک لە ئامادەبووان دەنێردرێت.

 چوارەمین کۆنفرانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی کار و خەباتەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، بە سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، کۆتاییهات.

ف.ق