دەوڵەتی تورک رفاندنی، پەدەکە دەستگیریکردن و چارەنووسیان نازانرێت

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ناوچەی برادۆستی باشوری کوردستان دوو گەنجی رفاندبوو و دوای هەفتەیەک ئازادی کردبوون. دواتر پەدەکە ئەو دو گەنجەی دەستگیرکرد و هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو گەنجانەوە نازانرێت.

 

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٣٠ کانونی یەکەمی ٢٠٢١دا لە گوندی دایالی سیدەکان لە ناوچەی برادۆستی هەولێر دوو گەنجی رفاندبوو.

دەوڵەتی تورک ئەو گەنجانەی بە ناوەکانی ئەکرەم خەلیل زیکری و نەبی مستەفا بردبوە تورکیا و پاش شەش رۆژ رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ی کردبوون.

دوای رووداوەکە خەلیل زیکری باوکی یەکێک لە گەنجەکان قسەی بۆ رۆژنیوز کردبوو و باسی لەوەکردبوو، "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوای لێپێچینەوە لە ٥ی کانونی دووەمدا لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە هەردوو گەنجەکانی ئازاد کردووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنیوز کاتێک بنەماڵەکان دەچن رۆڵەکانیان وەربگرنەوە هێزەکانی پەدەکە هەردوو گەنجەکە دەگرن و رادەستی ئاسایشی مێرگەسوریان دەکەن. ماوەی هەفتەیەکە زانیاری لە سەر ئەو دوو گەنجانە نییە. بنەماڵەکان دەیانەوێت رۆڵەکانیان ئازاد بکرێن، بەڵام کاربەدەستان بێدەنگن.

 

هـ . ب