هەپەگە تۆڵەی کردەوە: ٨ داگیرکەر سزادران، ئۆتۆمبێڵێکی سەربازی تێکشکێنرا

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی دوو چالاکیی تۆڵەکردنەوەدا لە باکوریی کوردستان، هەشت داگیرکەر سزادران و زرێپۆشێکیش تێکشکێنرا.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پارستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی چەند چالاکییەکى تۆڵەکردنەوە لە بەرامبەر شەهیدکردنى فەرماندە دلژەن ماریا دێرسیم، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە ناوچەی گاباری شرناخ، هەشت سەربازی سوپای داگیرکەری تورکیان سزادا و زرێپۆشێکیش تێکشکێندرا.

هەپەگە ڕایگەیاندووە”

لە ڕۆژی ٢٣ی ئاب لە ناوچەی گاباری شرناخدا، یەکێک لە فەرماندەکانی هەرێمی گابار بەناوی دلژەن ماریا دێرسیم لە گۆڕەپانی شەهید ئارامدا بەهۆی بۆردوومانەوە شەهیدبوو.

ناسنامەی شەهید دلژەن:

ناو، سانیە تۆپراک

ناوی دایک، ، ناوى باوک، موستەفا

ناسناو، دلژەن ماریا دێرسیم

شوێنى لە دایکبوون، سێرت

کات و شوێنی شەهیدبوونی، لە ناوچەى گابار لە ڕۆژى ٢٣ ئابی ٢٠٢١‏ شەهیدبووە.

*

کورتەیەک لە ژیانی شەهید دلژەن

هاوڕێمان دلژەن لە سێرت و لەناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا لەدایک بوو، بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، ناچار بوو لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچبەری ئیستەنبوڵ بێت، لە سەردەمی منداڵیدا بوو بە هۆگری تێکۆشانی ئازادی کوردستان و پاش بینینی ئەو زەخت و زوڵمەی، کە دەوڵەتی تورک لەسەر گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵاتدا بەڕێوە دەبرد؛ بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری خەبات بوو، دلژەن لە ساڵی ١٩٩٩ لە بەرامبەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات کە لە کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆدا داهاتووی ئازادی گەلەکەمانی کردبووە ئامانج، لە دێرسیم بەشداریی ڕێزەکانی گەریلا بوو و بووە یەکێک لە هێماکانی ژنانی بەشەرەفی کورد بۆ ئازادی لە دژی گەلەکۆمە قیزەوەنەکە.

هەپەگە پاش تیشک خستنەسەر پۆختەیەک لە ژیانی خەباتگێڕیی شەهید دلژەن، بەم شێوەیە ئاماژەی بە چالاکی و هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردوو کردووە؛

 لە چوارچێوەی هەڵمەتی سەرفرازیی عەگیدەکانی بۆتان؛

سوپای داگیرکەری تورک ڕۆژی شەشی ئەم مانگە لە گۆڕەپانی فندکی، چیای بزنا و شەهید باهۆزی هەرێمی گاباری باسایای شرناخدا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک کرد، هێزەکانمان داگیرکەرانیان لە گۆڕەپانی شەهید باهۆز خستنە ژێر چاودێریی و هەر لەو ڕۆژەدا چالاکییەکیان لەدژ ئەنجامدان، لەو چالاکییە سەرکەوتووانەدا لانیکەم دوو داگیرکەر سزا دران، داگیرکەران پاش ئەو چالاکییە لە ڕۆژی حەوتی ئەم مانگەدا ناوچەکەیان چۆڵ کرد.

سوپای داگیرکەری تورک لە گۆڕەپانی چراڤی گابار لە دهێی سێرت لە گردی بەرخۆدان و دەشتی مستۆخ دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک کرد، ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێوارە هێزەکانمان لەنێوان گوندەکانی ئاڤال و نیتێ چالاکییەکی تەقینەوەیان لەدژی زرێپۆشێکی داگیرکەران ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا شەش داگیرکەر سزا دران، چوار داگیرکەر بریندار بوون و زرێپۆشێکیش تێکشکێندرا، پاش ئەو چالاکییە دەوڵەتی داگیرکەری تورک کوژراو و بریندارەکانی بە هێلیکۆپتەر گواستەوە.

لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی ئاڤاشیندا؛

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٩:٠٠ی شەو سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورسەوە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی بۆردوومان کرد و پاش بۆردوومانەکە هەوڵی پێشڕەوییدا، پێکدادان لەنێوان داگیرکەران و گەریلا خۆڕاگرانی وەرخەلدا دروست بوو، بەڵام دووژمان سەرەڕای بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتوو، نەیانتوانی هیچ پێشڕەوییەک بکەن، سوپای داگیرکەری تورک ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە تاوانی شەڕیان ئەنجامدا و بە گازی کیمیاویی گۆڕەپانی بەرخۆدانی بۆردوومان کرد.

بە ئوبۆس، هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی شەڕ هەرێمی پاراستنی مەدیا کراوەتە ئامانج.

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە لە کاتی شەودا هێلیکۆپتەر بە ئاسمانی گۆڕەپانی مەرڤانۆس، تابووری عەرەبان، گردی سپی، گردی سۆر و گردی سلێمانی ئاڤاشیندا سووڕاوەتەوە.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٤٥ خولەکی شەو داگیرکەران بە ئوبۆس گوندی بانکێ و گۆڕەپانی پیربلای هەفتانینیان کردووەتە ئامانج.

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ١١:٠٠ شەو فڕۆکەی شەڕ گردی دەشتانی گۆڕەپانی سنینێی خاکورکیان بۆردومان کردووە.”

ف.ق