لە هەولێر لافاو هەستا

بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لافاو لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەستا.

بەرەبەیانیی تاوێکی بەخۆڕی بارانبارین هەلێری گرتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا هاتووچۆی پەکخست و بەهۆی ئەو بارانە بەخۆرەوە چەندین ڕووداوی هاتوچۆ رویاندا.

ڕێگا سەرەکییەکان بوون بە ژێر ئاوەوە و چەندین ئۆتۆمبێل گیریان خواردووە. هەروەها ئاوی چووەتە ناو چەندین ماڵ و دوکانەوە.

لەبەر راوەستاندنی هاتووچۆ، خوێندکاران نەیانتوانی بچنە قوتابخانە و خوێندنگەکان و کارگەکانیش هەر بەو هۆیەوە نەیانتوانی کار بکەن.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی مەترسیی لافاوەوە خوێندنگاکان دواخراون.

لە ١٦ی کانوونی یەکەم لافاوێکی تر لە هەولێر هەستا و بەو هۆیەوە ١٢ کەس گیانیان لە دەستدا و دەوترێت بەپێی خەمڵاندنەکان، ٢١ ملیار دیناریش زیانی ماددي هەبووە.

بەرپرسیارانی روودانی ئەو کارەساتانە، کە لە ماوەیەکی کەم دا بەهۆی بارینی بارانی بە خۆڕەوە روودەدەن، بۆ گەندەڵی لە پرۆژەکانی رێگاوبان و کەرتی دروستکردنی خانووبەرە و بیناسازی لە شوێنی نەشیاو و گرتنی رێڕەوەکانی ئاو دەگەڕێتەوە. ئەو پلان و پرۆژانەش لەلایەن کەسانی سەر بە دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێن و هاووڵاتییان باجەکەى دەدەن.

ژ.ت