لە ورمێ ٣ کۆڵبەر لە کڕێوەی بەفردا بێسەروشوێن بوون

٣ کۆڵبەر لە دۆڵی بناری ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە نێوان ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان دا، بەهۆی بەفربارینەوە تووشی کڕێوەی بەفر بوون و هەر ٣ کۆڵبەرەکە بێسەروشوێن بوون.

بەپێی هەواڵێکی کۆڵبەرنیوز، ٣ کۆڵبەر بە ناوەکانی بەهلول سەیدانی فەرد، بارزان مەهینی و ئەسعەد سەیدانی فەرد، خەڵکی گوندی باوان-ی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی کڕێوەی بەفرەوە لە سەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستاندا بێسەروشوێن بوون.

دانیشتوانی ناوچەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیی دوێنێوە بە دەرفەت و توانایی خۆیان دەستیان بە گەڕان بە دوای هەر ٣ کۆڵبەرەکەدا کردووە و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لەو ٣ کۆڵبەرە نییە.

تا ئێستا لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئێرانەوە هیچ کارێک بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆڵبەرانە نەکراوە.

ژ.ت