ئۆزتورک: گەلەکەمان کاری پێویست دەکات و شکست بە ئەردۆگان دەهێنێت

هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، بەردان ئۆزتورک، لە وان قسەی کرد و گوتی: «لە هەڵبژاردنەکانی ٢٨ ی ئایار، گەلەکەمان کاری پێویست دەکات بەرامبەر دوژمنان، دەبێت زیهنیەتی ئەردۆگان ببەزێنرێت».

هاوسەرۆکی کەجەدە، بەردان ئۆزتورک و پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕیش‌سپی و پیاوانی ئایینی و پیشەوەران کۆبوونەوە. بەبەشداری هاوڵاتییەکی زۆر کۆبوونەوەکە لە هۆڵی ئاهەنگەکانی شارەکە بەڕێوەچوو.

گەلەکەمان بۆ بەزاندنی فاشیزم دەنگ دەدات

هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە وان، شەنگوڵ پۆڵات، ڕوونی کردەوە، گەل بەباشی دەنگ و ئیرادەی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار دەربڕی، گوتی: «هێشتا تەواو نەبووە، گەڕی دووەم هەیە، گەلەکەمان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەزاندنی فاشیزم، باشترین وەڵام دەدات بەوانەی دان بە ئیرادەی ئێمەدا نانێن، گەلەکەمان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان».

پاشان ئەندامی کۆمیسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەر بە هەدەپە، عەبدوڵا ویدان گوتی: «گەلەکەمان ملکەچی ستەم و زۆرداری نەبووە، بەردەوام بەرخۆدانی کردووە، گەلەکەمان بە هەوڵێکی مەزن بەرخۆدانی گەیاندە ئەم ئاستە، ئێستە لە قۆناغێکی مێژوویین. پێویستە هەمووان ئەو کەسانە ڕازی بکەین بە دەنگدان کە دەنگیان نەداوە. ئەگەر لەبری بەرژەوەندییە کەسی و بنەماڵەیی و خێڵەکییەکان کاربکەین بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد ئەوکات سەردەکەوین، یەکێتییمان پێش هەموو شتێکە. ئاشتی تەنها لەڕێگەی یەکێتییەوە بەدی دێت. ئێمە وەک گەلی کورد، مافمان هەیە بە زمان و کەلتووری خۆمان لەسەر ئەم خاکە بژین. بەڵێ، بە قۆناغێکی دژوار تێدەپەڕین. بەڵام ئەم فاشیزمە ڕادەگرین. گەلەکەمان لە ٢٨ ی ئایار ئەم فاشیزمە دەبەزێنێت و سەردەکەوێت. دایکانی ٨٠ ساڵە لە زیندانن، هەروەها سیاسەتمەدار و نەخۆشەکان لە زیندانن، پێویستە لەپێناویاندا کاربکەین».

ئەگەر بوێرانە کاربکەین، سەردەکەوین

لای خۆیەوە ئەندامی کۆمیسیۆنی گەلان و باوەڕەکان لە هەدەپە، دیبا کەسکین، گوتی: «پێویستە چۆکمان نەلەرزێت و نائومێد نەبین، ئەگەر بوێرانە کاربکەین بێگومان سەردەکەوین. ئێمە کوردین و ژیانمان بەرخۆدان بووە، دڵسۆز دەبین بۆ مێژووەکەمان و درێژە بە تێکۆشان دەدەین».

پێویستە شکست بە ئەردۆگان بهێنین

هاوسەرۆکی کەجەدە، بەردان ئۆزتورک، ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار کرد و گوتی: «ئەم حکومەتە هەوڵیدا ئیرادەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان بشکێنێت، هەروەها ئەردۆگان سیاسەتی قڕکردنی دژی گەلی کورد ئەنجامدا. شەڕێکی گەورەی لە کوردستان دەستپێکرد. گەلەکەمانی کوشت و خەڵکی دەستگیرکرد، هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوا. ئەم شەڕە ٨ ساڵە بەردەوامە. پاش هەڵبژاردن گوتیان دەنگەکانمان کەمی کردووە، ئەمە بێ ئەخلاقییە. دەنگمان کەمی نەکرد، جێگەی گەلەکەمان هەمان جێگەیە. گەلەکەمان هێڵی سێیەمی هەڵبژارد کە بەڕێز ئۆجالان پێشنیاری کردووە و پەیامێکی بۆ جیهان نارد. گەلەکەمان لەڕێگەی دەنگدانەوە بە بەهێزی پیشانیدا ئەم ئۆپەراسیۆنە هەرگیز سەرناکەوێت».

هەروەها ئۆزتورک ڕایگەیاند، شەڕێک بەرپایە دژی لایەنگرانی ئازادی و دیموکراسی، گوتی: «ئێستەش هێرش دەکەنە سەر مەخمور، تاکە هۆکاری ئەم شەڕە زیهنیەتی ئەردۆگانە، ئەگەر ئەردۆگان بڕوات، ئاشتی لە وڵات بەرقەرار دەبێت، ئابووری باشتر دەبێت. بۆیە گەلی کورد لە هەڵبژاردنەکانی ٢٨ ی ئایار کاری پێویست دەکات، بێگومان گەلەکەمان سەردەکەوێت».

ف.ق