دڕندەیی پۆلیسی تورک: بە مەبەستی کوشتن لە منداڵێکیان دا و فڕێیاندایە ناو چاڵێکەوە

لەناوچەی لجێی ئامەد پۆلیسی تورک بە مەبەستی کوشتن لە منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵیاندا و بە دەست و پێی بەستراوەوە هەڵیاندایە ناو چاڵێکەوە.

لەناوچەی لجێی ئامەد منداڵێک بە ناوی ی. د تەمەن ١٤ ساڵ شەوی رابردوو لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە کاتێکدا لەگەڵ هاوڕێ تەمەن ١٠ ساڵەکەی بوو لەلایەن پۆلیسەکانی تورکەوە وەستێندرا و دواتر رفێندرا و ئەشکەنجەیان کرد.

ئەو منداڵە کە بە بێ هیچ هۆکارێک رفێندرا سەرەتا بردیانە زەویەکی چۆڵ لە سەر رێگەی گوند. دواتر پۆلیسەکان زۆریان لە ی. د کرد کە بڵێت "من تورکم" و جنێو بە کورد بدات و 'سرودی سەربەخۆیی' بڵێتەوە. پۆلیسەکان کە تا ئاستی مردن ئەو منداڵەیان ئەشکەنجەدا دەم و دەست و پێیان بەستەوە و لە ناو قوڕ و لیتەی قەراغ رووبارەکە فڕییاندا. بە تاریکی شەو گوندنشینێک هەستی بە بوونی منداڵەکە کرد و گواستیەوە بۆ نەخۆشخانە. باس لەوە دەکرێت ئەگەری هەیە ئەو منداڵە بە هۆی ئەشکەنجەوە چاوێکی لەدەست بدات.

ی. د باسی لەوەکرد کە چوار پۆلیس ئەشکەنجەیان کردووە و وتی، "منیان بردە چۆڵەوانیەک، وتیان 'بڵێ من تورکم'. بە قۆناغەی چەکەکانیان لە منیاندا و دواتر دەست و قاچیان بەستمەوە و هەڵیاندامە ناو چاڵێک".

پارێزەری بنەماڵەکە رەمەزان کارائاڵپ بەم جۆرە باسی بەسەرهاتی ی. د ی کرد: "منداڵەکە دانیشتووی ناوەندی ناوچەی لجێیە. لەئێوارەدا کاتێک لەگەڵ منداڵێکی هاوڕێی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە پۆلیسەکان رایدەگرن. هاوڕێ تەمەن ١٠ ساڵەکەی ئازاد دەکەن و ئەو دەبەنە شوێنێکی چۆڵ. بە قۆناغەی چەک لێیدەدەن. هەم لە منداڵەکە دەدەن و هەمیش بەردەوام پێی دەڵێن کە بڵێت "من تورکم و جنێو بە کورد بدات".

هەڕەشە لە منداڵەکە دەکرێت

دوای ئەوەی منداڵەکە بە قسەیان ناکات داوای لێدەکەن سرودی سەربەخۆیی (سرودی نیشتمانیی تورک) بڵێت. پێی دەڵێن 'ئەگەر لەبەری نەکەیت دێینەوە و دەتکوژین'. دواتر دەیخەنە ناو قوڕ و لیتەی قەراغی چەمی ناوچەکە. بە شێوەی دەم و دەست و پێ بەستراو لەوێ بەجێیدەهێڵن. گوندنشینێک کە چاودێری مەڕ و ماڵاتەکەی دەکات هەست بەو منداڵە دەکات و گوێی لەدەنگی دەبێت و هەڵیدەگرێتەوە و دەیباتە نەخۆشخانە. لە نەخۆشخانەی دەوڵەتی لە لجێ راپۆرتی لێدان و ئازاردان دەدەن بە منداڵەکە و رەوانەی نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیسکی زانکۆی دیجلەی دەکەن. منداڵەکە ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە و مەترسی ئەوەی لەسەرە کە چاوێکی لەدەست بدات. چاوی خوێنی لێدێت و ناتوانێت چاوەکانی بکاتەوە".

هـ . ب