نەژادپەرەستانی تورک لە قۆنیا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەیەکی کورد و ئەندامێکی بنەماڵەکەیان کوشت

گروپێک نەژادپەرەستی تورک، کە لە ٦٠ کەس پێکدەهاتن لە ناوچەى مەرام لە پارێزگای قۆنیا هێرشیان کردە سەر ماڵێکی کورد و لەو هێرشەدا حەکیم داڵ-ی ئەندامی ئەو بنەماڵە کوردەیان کوشت.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، لە ناوچەی چارکلکۆی مەرام لە قۆنیا هێرشکرایە سەر بنەماڵەیەکی کوردی ئامەد، کە ٢٠ ساڵە لەو ناوچەیەدا دەژین. هێرشبەرەکان لە ٦٠ کەس پێکدەهاتن و بە چەک هێرش هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنەماڵە کوردە. لە هێرشەکەدا حەکیم داڵ تەمەن ٤٣ ساڵیان کوشتوە. ئەو نەژادپەرەستانە لە ناوچەى کاراهۆیەک-ی قۆنیا دەژین و پێشتریش چەندینجار هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردبوو.

"لەبەر ئەوەى کوردین هێرش دەکەنە سەرمان"

حەمدی داڵ برای حەکیم داڵ رایگەیاند، لەبەر ئەوەى کوردن هێرش دەکرێتە سەریان و وتی، "لەبەر ئەوەى ئێمە کوردین ئێمەیان خۆش ناوێت. دەیانوت، 'دەبێت ئێرە بفرۆشن' و بڕۆن. گوندەکانی دەورووبەریش گوشاریان لێدەکردین و دەیانخواست لێرە بڕۆین. پێشتریش هەڕەشەیان لێکردبووین. شەو لە دەشتێکی چۆڵەوانیی گوندەکەدا و لەو کاتەدا شوان مەڕەکانی دەلەوەڕاند هەندێک قسەکردن و مشتومڕێک روویدابوو. دوای ئەو قسەکردنە گروپێکی ٦٠ کەسی بە چەکەوە لە ناوچەی کاراهۆیەک-ەوە هاتن. بە چەک تەقەیان لە ئامۆزاکەم کرد و بە چەک لێیاندا. ئێمە ٣ کەس بووین. شەڕی شوانەکانیان کردە پاساو و هێرشیان کردە سەرمان. براکەمیان لەو هێرشەدا کوشت".

"موختار بوێری بە هێرشبەرەکان دەدات"

یەکێک لە شایەتحاڵەکانی رووداوەکە بە ناوی محەمەد ئەمین رایگەیاند، ئەوە یەکەم هێرش نییە و وتی، "بنەماڵەکە بژێویی خۆیان بە ئاژەڵداری دابین دەکەن. لە مێژە لەم گوندەدا دەژین. پێشتریش ٣ جار هەوڵدرابوو هێرش بکرێتە سەر ئەو بنەماڵەیە. موختاری گوندەکە هانی خەڵکەکە دەدات لە دژی ئەو بنەماڵەیە. موختارەکە دەستگیرکرا. جگە لەوە هیچ کەسێکی تر دەستگیر نەکراوە".

چەند هێرشێکی تری نەژادپەرەستانی تورک لە دژی کوردان هەر لەم مانگەدا

لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٢١دا لە گەڕەکی باخچەشەهری ناوچەى مەرام لە پارێزگای قۆنیا هێرشکرایە سەر بنەماڵەیەکی تری کورد. گروپە نەژادپەرەستە لە کاتی هێرشەکەیاندا وتبویان 'ئێمە نەژاپەرەستی تورکین، رێگا نادەین ئێوە لێرە بژین' و هێرشیان کردبووە سەر بنەماڵەکە. لەو هێرشەدا ٧ کەسیان بریندار کردبوو، کە ٤ کەسیان ژن بوو بوون.

هەرەها لە ١٩ی تەممووزدا نەژاپەرەستانی تورک لە ئەفیۆن بە چەک هێرشیان کردە سەر کرێکارانی وەرزیی کوردی خەڵکی ئامەد  و ٧ کرێکاریان بریندار کرد، کە ٢ کەسیان ژن بوون.

ژ.ت