ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی ئەفغانستان زیادی کرد: ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٨٠ کەس بێسەروشوێنن

لە ویلایەتی نورستانی باکوری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٦٠ کەس و ١٨٠ کەسیش بێسەروشوێنن.

حافز عەبدول قەیوم پارێزگاری نورستان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، لە ناوچەی کامدەش تاوەکو ئێستا تەرمی ٦٠ کەس لەژێر داروپەردووی خانوەکاندا دەرهێنراون.

عبدول قەیوم باسی ئەوەی کرد کە ١٨٠ کەس بێسەروشوێنن و نازانرێت زیندوون یان نا.

پارێزگاری نورستان ئەوەشی خستەڕوو کە زۆربەی ئەو گوندانەی کو بەرلافاو کەوتوون، وێران بوون.

لە ئەفغانستان ساڵانە بە دەیان ڕووداوی لەم جۆرە روودەدەن و بە دەیان کەس گیانیان لە دەست دەدەن. لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ دا نزیکەی ١٠٠ کەس لە شاری شاریکار لە پارێزگای پەرڤان گیانیان لە دەست دا .

ف.ق