دۆخی سوەیدا و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان
دوای ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتی دیمەشقەوە دژی خەڵکی سوەیدا ئەنجامدران، ئاڵۆزییەکانی سووریا پەرەیان سەند تا ئاستی قڕکاری. سوپای ئیسرائیلیش هێرشی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ناوچەکە.
دوای ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتی دیمەشقەوە دژی خەڵکی سوەیدا ئەنجامدران، ئاڵۆزییەکانی سووریا پەرەیان سەند تا ئاستی قڕکاری. سوپای ئیسرائیلیش هێرشی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ناوچەکە.
دوێنێ چەند کاتژمێرێکی دوای ئاگربەست، پێکدادان لە سوەیدا دووبارە سەریهەڵدایەوە. گەواهیدەران باسیان لەوە کرد، گرووپە چەکدارە ناوچەییەکان لە ناوەندی شارەکەدا هێرشێکیان دەستپێکرد و خاڵی ستراتیژییان لە دەوروبەری نەخۆشخانەی گشتی، ناو بازاڕ، گۆڕەپانی تشرین و گەڕەکەکانی تری ناو شارەکەیان سەرلەنوێ خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو ئارامییەی کە لە دوای ئاگربەستەکەوە هاتە کایەوە، زۆر بەردەوام نەبوو. لەبەرئەوەی هێزەکانی حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشق پێشێلکاریی زۆریان بەرامبەر هاووڵاتییان ئەنجامدا، وەکو کوشتن، ڕووخاندنی خانوو و تاڵانکردنی دووکانەکان. هەربۆیە دیسانەوە شەڕ دەستی پێکرد.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە دا، گرووپە ناوچەییەکان کە لە شەڕ دوورکەوتبوونەوە، دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی پێشێلکارییەکان بەرامبەر خەڵکی مەدەنی، دووبارە شەڕیان دەستپێکردووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی ڕاگوزەر چوونەتە ناو گوندی ئەلدور، دەستیان بە پێشێلکاریی کردووە، خانوو ڕووخێندراون، سامانی خەڵک دزراوە و چەند خانوویەک سووتێنراون. هەروەها لە هەندێک گوندی تریش پێشێلکاریی لەو شێوەیە ئەنجامدراون. لە زۆرێک لە شارۆچکەکان خەڵکی مەدەنیی بێچەک کوژراون.
بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە نێو گرووپە هێرشکارەکاندا کەسانی بیانیش هەبوون، دەوترێت لە نەتەوەکانی ئویغور، ئۆزبەک و نەتەوەی ترن.
دوێنێ تاوەکو درەنگانی شەو، لە گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای سوەیدا شەڕ و هێرشەکان بە مووشەک لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ڕاگوزەرەوە بەردەوامبوون.