«زه‌كاتی خۆتان بده‌نه‌ گه‌لی عه‌فرین، سوور، جزیر و نسێبین»

ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی ئیسلامی دیموكراتی - دیك داوا ده‌كه‌ن هاوڵاتیان زه‌كاتی خۆیان بده‌نه‌ گه‌لی سته‌ملێكراوی عه‌فرین، سوور، جزیر و نسێبین. ده‌شڵێن: حكوومه‌تی توركیا ئایین وه‌ك ئامرازێك به‌كاردێنێت.

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكی ماوه‌ بۆ مانگی ڕه‌مه‌زان. هاوشێوه‌ی زۆر وه‌ڵاتی موسوڵمان، له‌ توركیا و باكووری كوردستانیش ملیۆنان كه‌س له‌نێو هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ژیاندا ڕۆژوو ده‌گرن. مه‌لا عه‌بدوڵا ئاركان و مه‌لا یووسووف ئادنان ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی ئیسلامیی دیموكراتی - دیك له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات - ANF دوان.

«زوڵم له‌ گه‌لان ده‌كه‌ن»

مه‌لا عه‌بدوڵا ئاركان ده‌ستنیشانی ده‌كات كه‌ به‌هۆی هه‌ژاری و شه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ملیۆنان موسوڵمان له‌ هه‌لومه‌رجی سه‌ختدا ڕۆژوو ده‌گرن. گوتیشی: «هۆكاری سه‌ره‌كیی كێشه‌كانی موسوڵمانانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ شوێنی ئه‌وه‌ی په‌یامی مه‌دینه‌ بۆ خۆیان به‌بنه‌ما بگرن، ڕژێمی پاشایه‌تییان بۆ خۆیان داناوه‌ و ئه‌وانیش زوڵم له‌ گه‌لان ده‌كه‌ن. كێشه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی به‌هۆی هه‌ژاری نییه‌، به‌ڵكو به‌رپرسیاری سه‌ره‌كی كێشه‌كان حكوومه‌ته‌كانن.»

«زه‌كاتی خۆتان بده‌نه‌ گه‌لانی عه‌فرین، سوور، جزیر و نسێبین»

مه‌لا عه‌بدوڵا ئاركان هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مساڵیش موسوڵمانان ده‌ست به‌ مانگێكی پیرۆز ده‌كه‌ن.

«پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی له‌م مانگه‌دا هه‌موو خێر و زه‌كاتی خۆیان بده‌نه‌ گه‌له‌كانمان له‌ عه‌فرین، سوور، جزیر و نسێبین. ئه‌و كه‌سانه‌ زۆر به‌ قه‌درن كه‌ له‌م مانگه‌پیرۆزه‌دا خێر و زه‌كاتی خۆیان ده‌ده‌نه‌ كه‌سانێك كه‌ پێویستیان پێیه‌تی، هه‌روه‌ها قورئانی پیرۆز ده‌خوێننه‌وه‌. له‌ كوردستان زۆر كه‌سی هه‌ژارمان هه‌یه‌ و له‌م مانگه‌ پیرۆزه‌شدا هێرش له‌سه‌ر خاكی پیرۆزی ئێمه‌ ده‌كرێت. زاڵمه‌كان له‌ مانگی كانوونی دووه‌مدا هێرشیان كرده‌ سه‌ر عه‌فرین و ناوچه‌كانی، به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ شاره‌كه‌مانیان كاول كرد. پێویسته‌ ئێمه‌ له‌م مانگه‌ پیرۆزه‌دا خاوه‌نداره‌تی له‌ گه‌لی عه‌فرین بكه‌ین و ده‌ستی هاریكاری بۆ خوشك و براكانمان درێژ بكه‌ین. گه‌وره‌ترین خێر و زه‌كاتیش ئه‌مه‌یه‌.»

«پێویسته‌ موسوڵمانان له‌ دژی خراپه‌كاری تێبكۆشن»

ئه‌و مه‌لا و ئه‌ندامه‌ی كۆنگره‌ی ئیسلامیی دیموكراتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، گه‌لی كورد كه‌ زۆرینه‌ی موسوڵمانه‌ له‌ژێر زوڵمی ئاكه‌په‌ دایه‌. له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: «له‌ باكووری كوردستان، ده‌وڵه‌تی ئاكه‌په‌-مه‌هه‌په‌ی فاشیست و قڕكه‌ر، ئارگۆمێنتی ئیسلامی بۆ سیاسه‌تی له‌ناوبردن، نكۆڵیكردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن به‌كاردێنێت. پێویسته‌ هه‌موو موسوڵمانان خاوه‌نداره‌تی له‌ ویژدانی خۆیان بكه‌ن و له‌ دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ناوی ئیسلام، كتێبه‌پیرۆزه‌كه‌ی و حه‌دیسه‌كانی پێغه‌مبه‌ر بۆ كاره‌خراپه‌كانی خۆیان به‌كاردێنن، تێبكۆشن.»

مه‌لا عه‌بدوڵا ئاركان داوای له‌ زانا و مه‌لایانی كوردستان كرد كه‌ له‌ تێكۆشانی دژ به‌ سته‌مكاران و له‌پێناو ڕێكخستنی ماف و دادپه‌روه‌ریدا زیاتر هه‌وڵ بده‌ن و له‌ دژی خراپه‌كارییه‌كانی ئاكه‌په‌ بوه‌ستنه‌وه‌.

«ئیسلام وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌كارده‌هێنرێت»

مه‌لا یووسووف ئادنان له‌ لێدوانه‌كه‌یدا، باسی له‌ گرینگی مانگی ڕه‌مه‌زان كرد و گوتی: «ڕۆژووگرتن له‌ سه‌رده‌می هه‌موو پێغه‌مبه‌ران تا سه‌رده‌می حه‌زره‌تی محه‌مه‌د هه‌بووه‌. له‌ سه‌رده‌می حه‌زره‌تی محه‌مه‌د (د.خ) فه‌رز كراوه‌، ده‌ستنیشان كراوه‌ كه‌ ڕۆژوو له‌سه‌ر كێ فه‌رزه‌. به‌ڵام له‌ هه‌رێمی ئێمه‌دا ئایین یان با بڵێین ئیسلام له‌ لایه‌ن كه‌سانێك یان داموده‌زگه‌كان وه‌ك ئامراز و كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌كارده‌هێنرێت. هیوادارم ئێمه‌ بتوانین له‌م مانگه‌دا كه‌ خودا بۆ ئێمه‌ی فه‌رز كردووه‌، ڕه‌چاوی هه‌موو هه‌ستیارییه‌كان بكه‌ین. له‌م مانگه‌دا سه‌ده‌قه‌ و فتره‌ هه‌یه‌. زه‌كات هه‌یه‌. پێویسته‌ له‌ هه‌رێمی ئێمه‌ یه‌كێتییه‌ك ده‌رباره‌ی زه‌كات دروست ببێت و ئێمه‌ زه‌كاتی خۆمان بده‌ینه‌ شوێنی دروست. پێویسته‌ گه‌لی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ زه‌كات نه‌دات كه‌ زه‌كات ده‌كه‌نه‌ ئامرازی سیاسه‌ت.»

s.m