دۆڵی گۆدەرن دەکەوێتە نێوان ناوچەی پاسور، لیجە و هزرۆی ئامەدەوە، بەهۆی درووستکردنی بەنداوی سیلڤانەوە کە لە چوارچێوەی پرۆژەی گاپ (GAP) دایە، لە دواساتەکانی ژیانی خۆییدایە. بە هۆی ئەو بەنداوەو کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دەست بە دروستکردنی کراوە، ئەم دۆڵە ناوازەیە و نزیکەی ٥٠ گوندی ئەو ناوچەیە دەکەونە ژێر ئاوەوە. بەنداوەکە کە بڕیارە لە ماوەی ٥ ساڵدا تەواو بێت، بەتەواوەتی ژینگە و ئاووهەوای ناوچەکە دەگۆڕێت.
دۆڵی گۆدەرن لە چاخی بەردین (نیلۆتیکە)ەوە تا ئێستا هەڵگر و گەواهیدەری میراتێکی مێژووی و دەوڵەمەندە. ئەشکەوتەکان، ڕووبارەکان، کڵێساکان کە لە بەرد دروستکراون، پاشماوەی کۆشک و قەڵاکانی مەروانیەکان، مەزارە دێرینەکانی ناوچەی هەڤکا و کانکا و کەلێ کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە دەرکەووتن، لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و هەرێمیەوە گرنگییەکی زۆریان هەیە. لەگەڵ ئەوەش ئەم دۆڵە شوێنی چەندین جۆر گیا و زیندەوەری دەگمەنە. هەروەها ڕێگای کۆچی هەندێ باڵندەیە، شوێنی پشوودان و ژیانی زۆرێک لە باڵندەکانە. بە هۆی ئەم بەنداوەو زۆربەی ناوچەکە و ژیانی سروشتی ژێر ئاو دەکەوێت و کۆتای بەم میراتە دێرین و شارستانێتییە دەهێندرێت.

هەروەها بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکەوە بەهەزاران دار لە ناوچەکە لەناوبراون، هەروەها پردێکی بەردی مێژوویی و زۆرێک لە خانوەکانی دەوروبەر بەهۆی تەقینەوەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە. کارە کشتوکاڵیەکانی گوندنشینان ئاستەنگ دەکرێن و ڕۆژ بەڕۆژ زیانەکانی ئیکۆلۆژی فەراوانتر دەبن. نوێترین وێنەکانی ناوچەکە نیشاندەری زیانەکانی دۆڵەکەیە. لە لایەکی دۆڵەکەوە تاڵانکاریی هەیە و لە لایەکی ترەوە لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوادا دارەکان چرۆیان کردووە و دۆڵەکەیان ڕازاندوەتەوە. دانیشتووانی ناوچەکە کە سەردانی دۆڵەکەیان کردووە سەبارەت بە زیانە زۆرەکان ناڕەزایەتیان نیشاندا و نیگەرانن لە داهاتووی ژینگەیی ناوچەکەیان.
