بە دیمەن

هۆنراوەی 'دیرۆک'ی عەلی حەیدەر قەیتان دەکرێت بە کارێکی هونەری

لەسەر هۆنراوەی 'دیرۆک'ی عەلی حەیدەر قەیتان کلیپە- ئەنیمەیشنێک دروستکرا، هۆنراوەکە لەلایەن حەکیم سەفقانەوە دەخوێنرێتەوە و کلیپی ئەنیمەیشنەکەش لەلایەن چەکدار فاڕقینەوە ئامادەکراوە.

عەلی حەیدەر قەیتان بەر لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ماوەی شەش مانگ لەگەڵ هاوڕێکەی بەناوی حامیلی یەڵدرم لە زیندانی داگیرکەراندا دەستبەسەر دەکرێت. لە زینداندا هۆنراوەیەک بەناوی 'دیرۆک (مێژوو)' دەنوسێت. بنەماڵەی قەیتان هۆنراوەکەیان وەک خەباتێکی کلتووریی و هونەریی ناردە ئەوروپا. شڤان پەروەر لە ساڵی ١٩٨١ هۆنراوەکەی کرد بە گۆرانی و لە کاسێتێکدا بڵاویکردەوە.

لە ساڵی ١٩٨٦ چاپخانەی سەربەخۆیی کتێبی 'دیاربەکر/سەچمە شرلەر ١' چاپدەکات. لە لاپەڕە ١٨١ـی کتێبەکەدا هۆنراوەکە دەنوسرێت. هۆنراوەی 'دیرۆک' لەرێی کاسێت و کتێبەوە بڵاودەبێتەوە و سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا رادەکێشێت. لە ساڵانی ٨٠ و ٩٠ـەکاندا لە یاد و بۆنە و چالاکییەکانی شۆڕشی کوردستاندا یەکێک بووە لە هۆنراوە هەرە دڵخوازەکان.

عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوون لە پێشەنگانی شۆڕشی کوردستان و دامەزرێنەرانی پەکەکەن. پەکەکە دوای کۆنگرەی ١٢ شەهیدبوونی قەیتان و ئاڵتوونی راگەیاند.

ئەو هەواڵە کاریگەرییەکی گەورەی لەنێو رای گشتی کوردستاندا هەبوو. کوردستانیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات یادی هەردوو شەهیدییان بەرز ڕاگرت.

هونەرمەندانی کورد حەکیم سەفقان، موراد یاپشتران و چەکدار فارقین کە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا دەژین. هەرسێکیان وەک سێ دڵسۆزی شۆڕش شەهیدبوونی قەیتان و ئاڵتوون کاریان تێ دەکات. بیردەکەنەوە و لە یەکتر دەپرسن: "ئاخۆ ئێمە دەتوانین چی پێشکەشی گیانی ئەو دوو شەهیدە بکەین؟"

حەکیم سەفقان وتوویەتی: هەڤاڵ فواد (عەلی حەیدەر قەیتان) نەک  بە تەنها فەیلەسووفی شۆڕشە، بەڵکو هاوکات شاعیریشە. دەتوانین هۆنراوەکانی لە ستۆدیۆدا بخوێنینەوە و کلیپێکی لێ دروستبکەین. وەک دەستپێک هۆنراوەی 'دیرۆک' هەڵدەبژێرن کە کاری لەسەر بکەن.

لە پێشدا حەکیم سەفقان هۆنراوەکە دەخوێنێتەوە. دوای ئەوە چەکدار فاڕقین سیناریۆکە دەنوسێت. موراد یاپشترنیش هۆنراوەکە تۆمار دەکات و دوای ئەوەی کە سیناریۆکە دەخوێنێتەوە و دەچێتە ناو ستۆدیۆ، دوو پارچە موزیک ئامادە دەکات، هەرسێکیان بەیەکەوە یەکێک لە دوو پارچە موزیکەکە هەڵدەبژێرن بۆ دانانی لەسەر کلیپەکە. دەنگی هۆنراوەکە و موزیکەکە دەچێتە بەیەکەوە دەچێتە بن دەستی هەڤاڵ فاڕقین و ئەویش دوای هەوڵێکی زۆر کلیپە ئەنیمەیشنەکە ئامادە دەکات.

کلیپەکە بەناوی 'هەی دیرۆک' دوێنێ لە تەلەفزیۆنی مەد موزیک و کەناڵی یوتیوبی مەد هونەر بڵاوکرایەوە. ئەمە لینکەکەیەتی: