به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ڕۆژنامه‌ی «دێر تاگس شپیگل»ی ئه‌ڵمانی بڵاوی كردۆته‌وه، کۆمیسیۆنی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمیایی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای كردووه كه له‌نێوان ساڵه‌کانی ۱۹۸۲ بۆ ۱۹۹۳دا زیاتر له ٥٠ کاروان هاوكاری مادده‌ی كیمیایی له ئه‌ڵمانیاوه بۆ سووریا نێردراوه. ئه‌مه جگه له ناردنی هه‌موو دهزگهمیکانیکییهکان و زیاتر له ٢ هه‌زار و ٨٠٠ ته‌ن مادده‌ی ژه‌هراوی که سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی کیمیایین.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ڕۆژنامه ئه‌ڵمانییه‌كه بڵاوی كردۆته‌وه، حکوومه‌تی فیدراڵیی ئه‌ڵمانیا ماسته‌رپلانی دوو کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی کیمیایی بۆ ڕژێمی به‌عسی سووریا ناردووه. له پاڵ کۆمپانیا وه‌به‌رهێنه ئه‌ڵمانییه‌کانیش، کۆمپانیاكانی وه‌ڵاتانی ڕووسیا، فه‌ره‌نسا و چینیش به‌شداربوون له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م ده‌زگایانه‌دا.
هه‌رچه‌نده له ساڵی ۲۰۱۳دا حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ڕاپۆرتێكی ده‌رباره‌ی کۆمپانیاکانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی کیمیایی ئاراسته‌ی کۆمیسیۆنی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمیایی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه. به‌ڵام ڕاپۆرته‌كه به نهێنی ماوه‌ته‌وه و له پله‌ی دووه‌می پاراستنی نهێنییه‌كان له ئه‌رشیفی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا پارێزراوه بۆ ئه‌وه‌ی به هیچ جۆرێك نه‌که‌وێته ده‌ستی ڕای گشتی.
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌لایه‌وه گرینگه كه ناوی کۆمپانیا به‌شداره‌کان به نهێنی بمێنێته‌وه. حکوومه‌تی ئه‌ڵمانیاش پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه ته‌نانه‌ت له داهاتووشدا ناوی کۆمپانیا به‌شداره‌كانی ئه‌ڵمانیا به نهێنی بمێنێته‌وه. ئه‌ڵمانیا ئه‌م پێداگرییه‌ی له وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتارێکی پێشووی سه‌ر به پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا (دی لینکه)، جارێكی دیكه دووپات كردۆته‌وه.
پێشتر یان ڤان ئاکن، په‌رله‌مانتاری پارتی چه‌پ له خولی پێشووی په‌رله‌مانی فیدراڵی ئه‌ڵمانیا له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی «زود-دۆیچه تسایتونگ» ڕایگه‌یاندبوو: زۆر گرنگه ناوی هه‌موو کۆمپانیا و لایه‌نه به‌شداره‌کان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن. ناوبراو به پێویستی ده‌زانێت گه‌ل ئاگاداری ئه‌و بۆنده بازرگانییانه بێت که کۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و سیستمه بێمتمانانهدا سازی ده‌که‌ن.
هه‌رچه‌ند ئه‌و به‌هانه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و بازرگانی ئه‌ڵمانیا ڕاسته که ده‌ڵێت: «هیچ چه‌کێکی کیمیایی و هیچ جۆره چه‌کێکی دیكه له ساڵه‌کانی جه‌نگدا نه‌نێردراوه بۆ سووریا، هه‌روه‌ها به‌شی زۆری ئه‌و ماددانه‌ی که نێردراون، مادده‌ی کیمیایین و قه‌ده‌غه‌کراو نین.» به‌ڵام کاتێك که ئه‌ڵمانیا هه‌زاران ته‌ن مادده‌ی ژه‌هراوی بنێرێت، هه‌موو که‌لوپه‌ل و ده‌زگه‌یه‌کی کارگهدروستکردنیش له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ی تایبه‌ت بۆ خه‌ستکردنه‌وه‌ی مادده ژه‌هراوییه‌کان بۆ ئاستی چه‌کی کیمیایی بنێرێت، هه‌روه‌ها دروستکردنی گازی سارین که زۆر به‌خێرایی ده‌روون و هزری مرۆڤ ده‌شێوێنێت، ئه‌و پرسیاره سه‌ر ده‌ردێنێت كه ئایا ئه‌ڵمانیا نه‌یزانیوه که ئه‌و مادده ژه‌هراوییانه بۆ دروستکردنی چه‌کی کیمیایی به‌کارده‌هێنرێن؟
ڕۆژنامهئهڵمانییهكه له ڕاپۆرته‌كه‌یدا باس له ده‌نگۆی ناردنی ماسته‌رپلانی دوو کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی کیمیایی به توانای به‌رهه‌مهێنانی گازی سارین كردووه. هه‌رچه‌نده حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا به‌فه‌رمی دانی به ئاماده‌کردنی ئه‌و نه‌خشه و پلانانه‌دا نه‌ناوه، به‌ڵام دادوه‌ری گشتیی فیدراڵی له ئه‌ڵمانیا به سه‌رزاره‌کی باسی لێکۆڵینه‌وه‌ی كردووه له‌سه‌ر دۆسیه‌ی چه‌کی کیمیایی له سووریا و تێوه‌گلانی كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌کان له‌و دۆسیه‌یه‌دا.
له‌هه‌مان کاتدا، له ڕاپۆرته‌که‌دا باس له سیسته‌می لێکۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ی یاساشکاندنی کۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌کانی چه‌ک کراوه. به‌پێی یاساكانی ئه‌ڵمانیا، ته‌نها فرۆش و هه‌نارده‌ی پێش ۱۰ساڵ له تاوانی جه‌نگ لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌رهه‌مهێنه‌رانی چه‌كی ئه‌ڵمانیا هه‌میشه خۆیان به‌بۆنه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه بپارێزن. ئه‌ڵمانیاش ده‌ڵێت له ساڵی ۱۹۹۳وه مادده‌ی قه‌ده‌غه‌کراویان به سووریا نه‌فرۆشتووه.
جێگه‌ی باسه، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌تا ساڵی ۲۰۱۱ش له ئه‌ڵمانیاوه ئه‌و ماددهژههراوییانه بۆ ڕژێمی ئه‌سه‌د نێردراون. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه و له‌و باره‌یه‌وه هیچ ناڵێت، له هه‌مانکاتیشدا جار جار به‌فه‌رمی ڕایده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌و ماددانه به مه‌به‌ستی دروستکردنی کاری کشتوکاڵی و پیشه‌سازی بۆ سوریا نێردراون.
s.m