دەربارەی عەفرین، دۆسیەیەک ڕادەستی سه‌رۆكوه‌زیری پێشووی ئیتاڵیا كرا

دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیركه‌ر بۆ سەر عەفرین، دۆسیەیەک ڕادەستی ماتیئۆ رەنزی، سەرۆكوه‌زیری پێشووی ئیتاڵیا کرا.

سەرۆكوه‌زیری پێشووی ئیتاڵیا، سەردانی شاری لیڤۆرنۆ-ی ئیتاڵیای کرد. عەلی ‌جان یڵدز، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردستان سوودی لەو دەرفەتە وەرگرت و دۆسیەیەکی دەربارەی تاوانەکانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ عەفرین ڕادەستی رەنزی کرد.

لە دۆسیەکەدا ئاماژە بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، ٥ – ٦ ساڵە بەتایبەتی لە دژی کوردانی سووریا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت و لە بەرانبەر ئەو هێرشانەشدا بەرخۆدانێكی بێ ‌وێنە لەلایەن شەڕڤانانەوە دەکرێت.

سەرۆکوه‌زیری پێشووی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، ئەو ئاگاداری بارودۆخی عەفرینە و بێدەنگیی ئەورووپا-ش جێی گومانه‌. رەنزی وتیشی: لە ماوەیەکی نزیکدا هەموو کەس گۆڕانکارییەکان دەبینێت و هیوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کورد خواست.

 

S.M