رووسیا: ئێمە ناتوانین ئاسایشی فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا لە سوریا دابین بکەین

وەزارەتى بەرگریی رووسیا رایگەیاند، دواى ئەوەى رژێمى شام ئاسمانى ئیدلبی داخست، ئیتر رووسیا ناتوانێت فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا لە ئاسمانى ئەو ناوچەیەدا بپارێزێت و ئاسایشیان مسۆگەر بکات.

بەپێى میدیاکانى رووسیا، ناوەندی لەیەکتر نزیککردنەوەى لایەنەکان لە سوریا لەبارەى داخستنى ئاسمانی ئیدلبەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

ئۆلیگ ژوراڤلیۆڤ سەرۆکی ئەو ناوەندە وتی "حکومەتى سوریا بەهۆی خراپیی دۆخی ئاسمانیى ئیدلبەوە ناچار بووە ئاسمانی ئیدلب دابخات".

ژوراڤلیۆڤ وتیشی "لەو بارودۆخەدا فەرماندەیى دەستەى سوپای رووسیا و سوریا ناتوانن ئاسایشی فڕۆکە جەنگییەکانى تورک لە سوریا دابین بکەن".

سوپای سوریا دوێنی یەکشەممە ١ی ئاداری ٢٠٢٠ رایگەیاند، ئاسمانی ئیدلب دادەخەن و "فڕۆکەکانى دوژمن"  دەکەنە ئامانج و دەیانخەنە خوارەوە. پێش ئەو راگەیاندراوەى سوپای سوریا، رژێمى تورک ٢ فڕۆکەى جەنگیی سوریای خستبووە خوارەوە.

ژ.ت