لە ئێران چى روو دەدات؟

لە ئێران بەهۆى گرانبوویى دۆلارەوە، کاسبکاران ناڕەزایەتى و بایکۆتیان دەستپێکرد. ئەوەش مشتومڕی لەبارەى قەیرانەکانى ئێرانەوە دروستکردووە.

بە پشتیوانیى گەل لە ئێران قەیرانێکى سیاسى روویدا. بەهۆى ئەو قەیرانەوە، هەندێک لە نەیارانى ناوخۆى حکومەتى ئێران داواى دەست لەکارکێشانەوەى حکومەتی تاران دەکەن. حەسەن روحانى سەرۆک کۆمارى ئێران بە توندی وەڵامى ئەو داوایەى دایەوە و هەڕەشەشى لە ئەمریکا کرد.

قەیرانى ئابووری

دواى ئەوەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا یەکلایەنە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە و سیاسەتى گەمارۆدانى ئابوورى و سزاى نێودەوڵەتیى بەرامبەر بە ئێران پەیڕەوکرد، رێگا بەرووی دروستبوونى قەیرانێکى جدى دا کرایەوە. لەم دواییانەدا ئەمریکا داواى لەو وڵاتانە کردووە، کە نەوت لە ئێران دەکڕین ئیتر لە مانگى نۆڤەمبەرەەوە لە ئێران نەوت نەکڕن و لەو رێگەیەوە گەمارۆى نەوتیش بخەنە سەر ئێران.

بەو هۆیەوە بەهای دۆلار لە ناکاو بەرزبوویەوە و رێگاى بۆ قوڵبوونەوەى قەیرانى ئابوورى ئێران خۆشکرد. کاسبکاران و بازرگانانى ئێران بەهۆى ئەو قەیرانەوە بڕیارى بایکۆت و داخستنى بازاڕەکانیان هێنایە پێشەوە. ئەو بایکۆتە لەلایەن زۆربەى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەوە پشتیوانیى لێکرا و ئەوەش وایکرد، هەندێک لایەنى رکابەرى ناوخۆیى حکومەتى ئیران داواى دەست لەکارکێشانەوەى حکومەتى تاران بکەن.

رووحانی رەتیکردەوە دەست لەکاربکێشێتەوە

حەسەن رووحانى سەرۆک کۆمارى ئێران لەبارەى قەیرانى ئابوورییەوە، داواى دەست لەکارکێشانەوەى رەتکردەوە.

رووحانى لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا وەڵامى رەخنەکان و داواى دەست لەکارکێشانەوەى حکومەتى دایەوە و وتى "دەبێت ئەو قورسی و ناڕەحەتییەى کۆمەڵگا دەیکێشێت چارەسەر بکرێن. ئەگەر ئێمە ببین بە یەک و بەپێداگرییەوە لەسەر پێ راوەستین، ئەوا دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین. لەبارەى دەست لەکارکێشانەوەوە دەبێت بڵێم، ئەم حکومەتە دەنگى ٢٤ ملیۆن کەس و متمانەی ٨١ ملیۆن کەسى هەیە. ئەگەر هەندێک کەس بیر لەوە بکەنەوە حکومەت دەترسێت و دەکشێتەوە، ئەوانە هەڵە تێگەیشتوون. حکومەت دەست لەکارناکێشتەوە".

'ئەمریکا بە دواى پیلانگێڕییەوەیە'

رووحانى راشیگەیاند، ئەمریکا گوشارى ئابورویى و سیاسیى خستووەتە سەر حکومەتەکەى و لەوبارەیەوە وتى "دەبێت ئێمە بۆ جیهانى بسەلمێنین، کە لە توانامادایە لە ژێر گوشار و ناڕەحەتییەکاندا بژین، بەڵام لەسەر سەربەخۆیى و ئازادیمان هیچ سازشێک ناکەین. هیچ دڵسۆزێکى ئێران سەر بۆ ئەمریکا دانانەوێنێت".

رووحانى ئەوەشى وت، کشانەوەى دۆناڵد ترامپ لە رێککەوتنى ئەتۆمی پیلانگێڕییەکە لە دژیان و ئەوەشى وت "ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و زایۆنیزم و رەنجخۆرەکانى تر چاوەڕێى ئەوەیان دەکرد، کە دواى کشانەوەى ترامپ ئێمەش بکشێینەوە، بەڵام ئێمە ئەو پیلانگێڕییە پووچەڵ دەکەینەوە. ئێمە خۆمان رادەستى ئەمریکا ناکەین. ئێمە شکۆى گەلەکەمان دەپارێزین لە بەرامبەر ئەمریکادا چۆک دانادەین".

خامنەئی بە دەزگاى دادوەریى وت 'بکەنەوە جوڵە'

ئایەتوڵا عەلی خامنەئی سەرۆکى ئێران لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکان بۆ قەیرانى ئابوروی، داواى لە دەزگاى دادوەری کرد کە "لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا کە ئاسایشى ئابووری تێکدەدەن" بکەوێتە جوڵە.

ر.م