لە بروکسێل دەوڵەتی تورکیا شەرمەزارکرا

هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەرباشووری کوردستان، لە برۆکسل-ی پایتەختی بەلجیکا، بە چالاکیەک شەرمەزار کرا. هەروەها نامەیەکی ناڕەزایەتیش ڕادەستی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە برۆکسل کرا.

 

کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ، چوارشەممە ١٣ی حوزەیران/٢٣ی جۆزەردان، لەسەر بانگەوازی بەرەی نیشتیمانی دژ بە داگیرکاریی تورکیا و بە هاوکاری ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد و ئەنجومەنی ژنان-ی شەهید بێریتان، لە شاری برۆکسل-ی پایتەختی بەلجیکا، بەدەیان کەس لە کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان-ی دانیشتووی بەلجیکان، دژ بە هێڕشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەرباشووری کوردستان، چالاکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا. هەروەها نامەیەکی ناڕەزایەتیش ڕادەستی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری بروکسل کرد.

خۆپیشاندان لەبەردەم سەفارەتی تورکیا

سەرەتا بەشداربوانی چالاکیەکە بە بەرزکردنەوەی چەندین دروشم و پانکارت بە زمانەکانی فەرەنسی و هۆڵەندی و ئینگلیزی، لەبەردەم سەفارەتی دەوڵەتی تورکیا کۆبوونەوە و هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزار کرد.

لە خۆپیشاندانە جەماوەریەکدا، بە زمانی هۆڵەندی پەیامی خۆپیشاندەران و بەرەی نیشتیمانی دژ بە داگیرکاریی تورکیا خوێندرایەوە. پاشان خۆپیشاندەران بەدەم وتنەوەی چەندین دروشمی وەک "ئەردۆغان بکوژە" و "ئەردۆغان تیرۆریستە و ژن و منداڵ دەکوژێت"، سەفارەتی دەوڵەتی تورکیا و هێرشە داگیرکاریەکانی سوپای تورکیایان لەسەر باشووری کوردستان بە تووندی شەرمەزار کرد.

نامەی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا 

پاشان خۆپیشاندەران نامەیەکی ناڕەزایەتیان لەڕێگەی خێرتسۆ دیدیە-وە ئاڕاستەی نوسینگەی برۆکسلی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لە نامەکەدا داوای هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە دەربارەی ئەو هێرشە داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی ١٠ ی حوزەیران/٢٠ی جۆزەردان ٢٠١٨، نزیکەی ٢٠ کەس لە چالاکوانانی مەدەنی، سیاسەتمەداران، نووسەران و ڕۆژنامەوانانی کوردی نیشتەجێی وڵاتی بەلجیکا لە شاری برۆکسل کۆبوونەوە و بەرەی نیشتیمانی دژ بە داگیرکاریی تورکیا-یان ڕاگەیاند و بڕیاریاندا زنجیرە چالاکیەک دژ بەو هێرشە داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجام بدەن.

ک-ش