لە رۆژی جیهانیى عەفرین لە ٣٦ شاری جیهان خۆپیشاندان ئەنجامدرا

لە رۆژى جیهانیى عەفریندا، لە ٣٦ گەورە شار و دەیان شارۆچکەی وڵاتانی سەرتاسەری جیهان خۆپیشاندان بەڕێوەچوون و کورد و هاوڵاتیانی ئەوڵاتانەش بەشداری چالاکییەکان بوون و سەرکۆنەی هێرش و داگیرکاریى تورکیایان بۆ سەر عەفرین کرد.


دوێنێ لە رۆژى ٢٤ى ئادار رۆژى جیهانیى عەفریندا، سەدان هەزار کەس  لە ٣٦ گەورە شاری جیهان بۆ عەفرین ڕژانە سەر شەقامەکان. خۆپیشاندەران چەندین چالاکیى جۆراجۆریان لە بەردەم باڵیۆزخانەکان، پەرلەمانەکان، ناوەندى حزبەکان، دامودەزگا جۆراجۆرەکان  و ناوەندی شارەکان ئەنجام دا.

لە هەر یەک لەو خۆپیشاندانانەدا، هەزاران کوردستانى و دۆستەکانیان لە حزبە جۆراجۆرەکانى چەپ، سۆسالیست، سەوز و دیموکراتەکان و  دەیان ڕێکخراوى بوارى ژنان و ژینگە و سەدان کەسایەتیى ئەکادیمى، سیاسی، چالاکوان و ئازادیخواز و ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتنەش بەشداربوون و هەمووان پێکەوە پشتیوانیان لە عەفرین دەکرد.

خۆپیشاندەران، هێرش و داگیرکاریى تورکیا بۆ سەر عەفرین و بێدەنگیى هێزە نێودەوڵەتییەکان و سەوداکارییان بەرامبەر بە عەفرین ئیدانە کرد و بە بەرزکردنەوەى ئاڵاکانى یەپەگە و یەپەژە، وێنەى ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، ئاڵاکانى پەیەدە و پەکەکە و چەندین ئاڵاى تر و هەروەها بە وتنەوەى دروشمەکانى "تورکیاى فاشیست لە عەفرین بۆ دەرەوە"، "بژى عەفرین"، "بژى بەرخۆدانى عەفرین"، "عەفرین تەنها نییە"، "عەفرین بەرگە بگرە"، "بێدەنگ نەبن بەرامبەر داگیرکردنى عەفرین"، "تیرۆریست ئەردۆغان"، "بکوژ ئەردۆغان" و "دیکتاتۆر ئەردۆغان"، پەیامى پشتیوانیان بۆ عەفرین بڵاوکردەوە.

خۆپیشاندەران و ڕێکخەرەکانی و بەشداربوان چەندین ڕاگەیاندراو و پەیامیان بۆ پشتیوانى لە عەفرین خوێندنەوە. چەندین راپۆرت و بەڵگە و بڵاوکراوەی پڕ زانیاری لە سەر عەفرین پێشکەشى لایەن و ناوەندە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیانى نزیک شوێنى خۆپیشاندان و چالاکییەکان کران.

ئەو شارانەى لە رۆژى جیهانیى عەفریندا خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین و ئیدانەکردنى هێرش و داگیرکەریى تورکیا تێیاندا بەڕیوەچوو بریتین لە: 

شارى بلگراد پایتەختى سربیا، شارى دۆسلدرۆف لە ئەڵمانیا، شارى لوگانۆ لە کانتۆنى تیجینیى سویسرا، شارى ستراسبۆرگ لە فەرەنسا، شارى ستۆکهۆلم پایتەختى سوید، شاری رۆما پایتەختى ئیتالیا، شارى هامبورگ لە ئەڵمانیا، شارى برۆکسل پایتەختى بەلجیکا، شاری کابل پایتەختى ئەفغانستان، شارى پاریس پایتەختى فەرەنسا، شارى مارسیلیا لە فەرەنسا، شارى کۆپنهاگ پایتەختى دانیمارک، شارى فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا، شاری ئامێستردام پایتەختى هۆڵەندا، شارى لیزیگ لە ئەڵمانیا، شارى لیسبۆن پایتەختى پرتوگال، شاری برێمن لە ئەڵمانیا، شارى ئاڤیگنۆن لە فەڕەنسا، شارى لنز لە ئاوستوریا (نەمسا / ئوتریش)، شارى ئەسینا پایتەختى یونان، شارى شتوتگارت لە ئەڵمانیا، شارى زوریخ لە سویسرا، شارى کۆڵن لە ئەڵمانیا، شارى بەرلین پایتەختى ئەڵمانیا، شارى ڤییەنا پایتەختى ئاوستوریا، شارى فریبورگ لە ئەڵمانیا، شارەکانى تۆرین، بۆلزانۆ و بێرگامۆ لە ئیتالیا، شارەکانى گۆتەبێرگ، لۆند و هالمێستاد لە وڵاتى سوید، شاری لۆستۆک لە ئەڵمانیا، شارەکانى نانت و چامبێر لە فەرەنسا هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبردنى ئاهەنگى نەورۆز پشتیوانیشیان لە عەفرین کرد و لە شاری سلێمانى باشوورى کوردستان بەڕێوەچوون.

هاوکات لەگەڵ پشتیوان لە عەفرین، لەسەرجەم چالاکییەکاندا نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز کران.

ڕ.م
هـ.هـ