مامۆستایانی زانکۆ و سیاسه‌تمه‌دارانی فەڕه‌نسا داوای پشتگیری بۆ عەفرین ده‌كه‌ن
کۆمەڵێک لە مامۆستایانی زانکۆ، هونەرمەند و سیاسەتمەداری وه‌ڵاتی فەڕه‌نسا داوای پشتگیری بۆ عەفرین دەکەن.
کۆمەڵێک لە مامۆستایانی زانکۆ، هونەرمەند و سیاسەتمەداری وه‌ڵاتی فەڕه‌نسا داوای پشتگیری بۆ عەفرین دەکەن.
پەڕلهمانتار، ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی شارەوانی شار و ناوچە، دەیان سیاسه‌توانی فەڕه‌نسا، لە دژی هێرش و هەوڵی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین و ڕۆژئاوا، داوای پاراستنی عه‌فرینیان کرد.
لەو بانگەوازه هاوبەشەدا کە لە ڕۆژنامەی بەنێوبانگی "هومانینته" دا بڵاوکرایەوە، ڕاگەیه‌ندراوە: لە ڕۆژئاوا، پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی، دێمۆکراتی و ئیكۆلۆژی(ژینگەپارێز) لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی مافی ژن و هەموو گەلان پێکهاتووه و دەوڵەتی تورکیای فاشیست بۆ ئەوەی لەناوی بەرێت، دەستی بە هەوڵدان و هێرش کردووه.
لەو بانگەوازەدا وەبیرهێنراوەتەوە که هەتا ئێستا لە هێرشی سەر عەفریندا بە دەیان هاوڵاتی کە ژن و منداڵیشیان لەنێودایه کوژراون. لەنێو کوژراواندا کۆچبەرانی عەرەبیشی تێدایه کە لە ترسی شەڕ هەڵاتبوون و لە عەفرینی ئاشتیخواز دەپارێزران. لەو هێرشانەدا زۆرێک لە ماڵ و جێگه‌ی حەوانەوەی هاوڵاتیانی سڤیل لەبەریەک هەڵوەشاون و خەساریان پێ گه‌یشتووه. لە سەدەی ١٩وە هەتا ئێستا کورد ڕوبەڕووی کۆمەڵکووژی دەبنەوە.
هەروەها له ڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه: «بە هێرش بۆ سەر عەفرین، هەموو گەلی کورد به ئامانج گیراون. هەروەها هاوکات لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، چەتەکانی داعش له دێرەزوور هێرشی سەر چەپەرەکانی هه‌سه‌ده دەکەن. ئەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە که ئەو هێرشانە هاوئاهەنگ و لە ژێر یەک فەرماندەییدا بەڕێوە دەچن. ئەو هێرشانە پشوویەک دەدا به چەتەکانی داعش هەتا جارێکی دیکە خۆیان بەهێز بکەنەوە.»
لە درێژەی بانگەوازییهكهدا هاتووه: «شەڕڤانانی هه‌سه‌ده لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، تێکۆشانێکی مەزنیان کرد و لەو سۆنگەیەوە زۆرێک گیانی خۆیان بەخشی. لە هەمبەری ئەو هەموو هێرشەدا تەنیا داخوازی ئەوان ئەوەیە که لەنێو ئاشتی و ئارامیدا بژین.
لەو بانگەوازه هاوبەشەدا داوا كراوه هەموو هێرشەکان بۆ سەر عەفرین ڕابگیرێن و هێزی داگیرکەری تورکیاش لە سووریا بکشێته‌وه. هه‌روه‌ها دا‌واشیان كردووه بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا و ڕاوەستاندنی بۆردومانەکان، هەرێمی دژەفڕین دروست بكرێت.
پەڕلهمانتار، سیناتۆر، سەرۆک و ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی شارەوانی شار و ناوچە، هونەرمەند، مامۆستایانی زانکۆ، چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان، پشتگیری خۆیان بۆ ئەو بانگەوازە هاوبەشە دەربڕی.
ئەو کەسانەی واژۆی ئەو بانگەوازەیان کردووه بریتین له: ئێوا جولی ئەندامی پارتیی ژینگە لە په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا، ئیزابل ئاتارد ئەندامی پێشووی په‌رله‌مان، لانا لۆران، یاریده‌ده‌ری سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی هەرێمی بێرتانگ، پری بانسی مافناس و دەیان ئه‌كادیمیسیه‌ن، کەسایەتی سیاسی و هونەریی دیکە.