پارتیی سه‌وزی ئه‌ڵمانیاش داوا ده‌كات ئه‌ڵمانیا چه‌ك به‌ توركیا نه‌فرۆشێت

پارتیی سه‌وزی ئه‌ڵمانیا له‌ كۆنگره‌ی ئاسایی خۆیدا هێرشه‌كانی توركیای بۆ داگیركردنی عه‌فرین ئیدانه‌ كرد و داوای له‌ حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا كرد چه‌ك به‌ توركیا نه‌فرۆشێت. 

له‌ كۆنگره‌ی پارتیی سه‌وزی ئه‌ڵمانیا كه‌ هاوسه‌رۆكانی تازه‌ی پارتییه‌كه‌ش هه‌ڵبژێردران، ئه‌ندامانی كۆنگره‌ ڕه‌شنووسێكیان پێشكه‌ش كرد بۆ ئیدانه‌كردنی هێرشه‌كانی توركیا له‌ دژی عه‌فرین و هێرشه‌كانیان به‌ دژی مافی مرۆڤ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناوبرد.

كۆنگره‌كه‌ داوای له‌ حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا كرد چه‌ك به‌ توركیا نه‌فرۆشێت و ئه‌و هێزانه‌شی له‌ كۆنیا بكشێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ بنكه‌ی ناتۆ بۆ بواری فڕۆكه‌ی سیخوڕی ئه‌ركدار كراون. 

هه‌فته‌ی ڕابردووش سارا ڤاگنكنێخت-ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیی چه‌پی ئه‌ڵمانیا داوای له‌ حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا كرد چه‌ك به‌ توركیا نه‌فرۆشێت و ئه‌و سه‌ربازانه‌ش بكشێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ بنكه‌ی ناتۆ له‌ كۆنیا ئه‌ركدارن.

دوای به‌رفره‌وان بوونی ناڕه‌زاییه‌كان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا سیگمار گابریل ڕایگه‌یاند، تا حكوومه‌تی نوێ پێكده‌هێنرێت، هیچ بڕیارێك جێبه‌جێ ناكرێت بۆ پێدانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به‌ توركیا.

بەگوێرەی هه‌واڵی گۆڤاری دێر شپیگل، له‌ ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ له‌ کۆبوونەوەی کۆنسەی ئاسایشی فیدراڵی کە ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا ئه‌نگێلا مێركڵ و شەش وەزیر بەشدارییان تێدا كردبوو، بڕیاری فرۆشتنی چەک بە تورکیا په‌سه‌ند كرابوو. به‌پێی بڕیاره‌كه‌ ئه‌ڵمانیا ١٢٠ تانكی لە جۆری  م٦٠ ی فرۆشتووه‌ به‌ توركیا.

 

ش. م