کۆشکى سپى: کریمیە بە بەشێک لە خاکى رووسیا قبوڵ ناکەین

ئەمریکا رایگەیاند، گەرچی ناوچەى کریمیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەلایەن حکومەتى مۆسکۆوە خراوەتە سەر خاکى رووسیا، بەڵام کریمیە بەبەشێک لە خاکى ئۆکرانیا پەسەند ناکەن.

لێدوانەکەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لەبارەى کریمیەوە کاردانەوەى لێکەوتبووە و بەشێک لە ناوەندە سیاسی و میدیاکان رایانگەیاندبوو، ئەمریکا ئەوەى قبوڵکردووە، کە رووسیا کریمییەى خستوەتە سەر خاکى خۆى.

سارا ساندرێس وتەبێژى کۆشکى سپى لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەمریکا ئەوە پەسەند ناکات، کە رووسیا کریمیەى کردووە بە بەشێک لە خاکى خۆی. راشیگەیاند، ئەو گوشارانەى خراونەتە سەر رووسیا بۆ گێڕاندنەوەى کریمیە بۆ سەر خاکى ئۆکرانیا بەردەوام دەبن.

دۆناڵد ترامپ رۆژی هەینى رابردوو لە بارەى ئەوەى ئەمریکا قبوڵى دەکات، کە کریمیە بووەتە بەشێک لە خاکى رووسیا رایگەیاندبوو "بیرى لێدەکەینەوە" و ئەوەش بەو شێوەیە لێکدرایەوە، کە ئەمریکا قبوڵى کردووە کریمیە بووەتە بەشێک لە خاکى رووسیا.

ساڵی ٢٠١٤ و لەکاتى شەڕی ناوخۆیى ئۆکرانیا لە ناوچەى دۆنیتسک و لوهانسک لە رۆژهەڵاتى ئۆکرانیا، کە زۆرینەى دانیشتونەکەى رووسین، سوپاى رووسیا چووە نیمچە دوورگەى کریمیە. رووسیا بە ئەنجامدانى راپرسییەک کریمیەی خستە سەر خاکى خۆی.

ناوچەى دۆنیتسک و لوهانسک و کریمیە زۆرینەى دانیشتوانەکانیان رووسین و شەڕی ناوچەکانى دۆنیتسک و لوهانسک لەلایەن رووسیاوە پشتیوانى دەکرا.

نیمچە دوورگەى کریمیە لە ساڵى ١٩٤٥ و لەلایەن بەرپرسانى ئەو کاتى یەکێتیى سۆڤیەتەوە خرایە سەر خاکى ئۆکرانیا. دانیشتوانى نیمچە دوورگەى کریمیە لە دەریاى ئازۆف ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسە. ٢ لەسەر ٣ى دانیشتوانەکەى رووسین و نزیکەى سەدا ١٠ى دانیشتوانى ئۆکرانیای ٢٥ ملیۆن کەسییان پێکدەهێنا.

ر.م