"بە دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، ئازادیی گەلان و ژنان مسۆگەر دەکەین"

ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)، لییان شیندا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی ئۆکتۆبەر(تشرینی یەکەم)ی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، "لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادیی گەلان و ژنان مسۆگەر دەکەین".

 لییان شیندا ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی (کژار) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند:" پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، کە لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ لە سەر گەلی کورد و (پەکەکە) و هەموو گەلان بەرێوەچوو شەرمەزار دەکەین، هاوکات شەهیدان، هەڤاڵانی ئێمە و گەلی وڵاتپارێز کە لە هەڵمەتی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن' گیانیان بەخت کرد، بە ڕێزەوە وەبیر دێنینەوە، بەژنی خۆمان لە بەرامبەریان دادەنەوێنین و بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری رێگەی ئەوان بین و گۆشەگیری تێکبشکێنین و بە دڵنیاییەوە ڕێبەر ئاپۆ لە رووی جەستەییەوە ئازاد بکەین.

"ئەوەی ژیان ڕوناک دەکاتەوە، ڕۆژ نیە ئامانجی ڕوون و دیارە"

 ئەو چالاکیانە بە ئامانجێکی روونەوە ئەنجامدران، وتەیەک هەیە دەڵێ 'ئەوەی ژیان روناک دەکاتەوە رۆژ نیە، بەڵکو ئامانجی روون و دیارە'، ئەو کاتیش گەل ئارمانجی خۆی دیاریکردبوو ژنان، گەنجان و بەتەمەنەکان و سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگە بەشدارییان لەو چالاکیانەدا کرد. ئەوەی رۆحی مروڤ روناک دەکاتەوە، جیهان روناک دەکاتەوە، هەستی ئازادی سازدەکات، ئامانجی دیارە، رێبەر ئاپۆ ئازادی ئێمە، ئامانج و هەبوونی ئێمەیە، لەبەر ئەوەش هەڵمەتی 'ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن' دەستیپێکرد."

 "بوو بە هیوایەک "

 لییان شیندا، لە بەردەوامی دا وتی:" پیلانگێری بە تەنها لە سەر کەسێک پێکنەهات، بەڵکو کردنەئامانجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و تەواویی مرۆڤایی بوو کە بە پێشەنگی ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل وبەشداری بەشێکی زۆر لە دەوڵەتان، لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان ئەنجامدرا. ئەو پیلانگێرییە لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ دا تێکشکا و بە پاڕادیگمای نوێ، سیستمی نەتەوەی دیمۆکراتیک، کۆنفێدرالیزمی دیمۆکراتیک رێگەی نەدا ئەو پیلانگێڕییەی سیستمی سەرمایەداری جیهانیی سەربگرێت. هەروەها بەو پارادیگما نوێیە، بە تایبەتی سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیمۆکراتیک بۆ ژنان بۆ گەلان بووە هیوایەک ..."

 "ئازادی و پێشەڕۆژی خۆیان لەودا بینییەوە"

ئەندامی کومیتەی پەروەردەی (کژار) لییان شیندا رایگەیاند:''لە کاتی پیلانگێریدا شوێنێک کە زۆر ناڕەزایەتی خۆی نیشاندا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە کاتێکدا، کە وەکوو پارچەکانی دیکە ڕێبەرایەتی و (پەکەکە)یان  نەدەناسی، بەڵام مێژوویەکی دێرینیان هەیە، لە کوێ و چۆن ناڕەزایەتی خۆیان نیشان دەدەن، دەزانن بە چ شێوەیەک خاوەنداری لە هەبوونی خۆیان بکەن، لە کاتی پیلانگێری دا چالاکی جۆراوجۆریان کرد، گەل شەهیدی دا و برینداربوو، کە لە ناویاندا چالاکی زەهرای تەمەن ١٢ ساڵان هەبوو کە هەبوون، ناسنامە، ئازادی خۆی لە ڕێبەر ئاپۆدا بینیەوە.

گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خاوەن مێژوویەکی کۆنن، خاوەن چاندێکی بەرخۆدانن لە بەرامبەر ستەم سەریان دانەخستوە ناڕەزایەتی خۆیان نیشان داوە و پێویستە لەمە بەدواوەش بێدەنگ نەمێنن."

 "شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەرخودانێکی مێژوویی بوو"

ئەندامی کومیتە پەروەردەی (کەژار) لییان شیندا باسی لەوەشکرد:'' شۆرشی ژن ژیان ئازادی چالاکیەک نەبوو بەرخۆدانیەکی مێژوویی بوو، ڕێبەر ئاپۆ وتی تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەلگە و ژیان ئازاد نابێت چونکە ژن ژیانە. ژن ژیان ئازادی تەنیا درووشمێک نەبوو تەقینی دیرۆکێک بوو کە ٥هەزار ساڵە قڕ و بێدەنگ دەکرێت و سەریهەڵداوە.

شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دەستپێکێک بوو و کۆتایی نییە، هەموو ڕۆژێک خۆی نوێدەکاتەوە و گەورەتر دەبێت و یەکگرتوویی ژنان و گەلان ساز دەکات، ئازادی و دێموکراسی گەلان دروست دەکات، یەکڕیزیی ژنان گۆشەگیری تێکدەشکێنێت و داگیرکەر دەروخێنێت."

 لییان شیندا، ئەندامی کومیتەی پەروەردەی کۆمەلگەی ژنان ئازاد ڕۆژهەلاتی کوردستان(کژار)لە کۆتایی وتووێژەکەیدا رایگەیاند:"بانگەوازی ئێمە بۆ تەواوی گەلی کورد ئەوەیە دەست لەناو دەست، بە یەکگرتوویی دەتوانین خۆمان رێکخستن بکەین و ئەو شەڕە رابگرین، کۆمەلکوژی لەسەر گەلان راوەستێنین و ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین و رزگاری و هەبوون و ناسنامەی خۆمان بەدەست بهێنێن. ئەمساڵ بکەینە ساڵی سەرهەڵدان، ساڵی بەرخۆدان و یەکبوون و لە رێگەی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دێموکراسی گەلان، ئازادی ژنان و کۆمەلگە بەدیبهێنین".