فەرهاد کۆچاک: دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا تاوان ئەنجام دەدات

ئەندامی پەرلەمانی ئەیالەتی بەرلین فەرهاد کۆچاک تیرۆرکردنی نازم داشتان و جیهان بیلگینی شەرمەزار کرد. کۆچاک وتی، کۆمەڵکوژیەکە درێژکراوەی ئەو هێرشانەی تورکیایە کە چەندین ساڵە بۆ سەر راگەیاندنی ئازاد بەردەوامە.

ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر بە تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان جیهان بیلگین و نازم داشتان بەردەوامن، کە بە فرۆکەی بێفرۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تیرۆرکران. ئەندامی پەرلەمانی ئەیالەتی بەرلین لە پارتی چەپ فەرهاد کۆچاک تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان نازم داشتان و جیهان بیلگینی شەرمەزارکرد و ئەوەی خستەڕوو کە دەوڵەتی تورک بۆ بێدەنگکردنی راگەیاندن و رێگری لەوەی گەل راستییەکان بزانن دەستی بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە برد.

کۆچاک ئەوەشی خستەڕوو، هێرشە داگیرکەری و کۆمەڵکوژییەکان لە دژی خەڵکانی مەدەنی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، دەرەنجامێکی ئەو سیاسەتانەیە کە چەندین ساڵە دەوڵەتی تورک ئەنجامیان دەدات و ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا و باشوری کوردستان بە واتای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکانە. کۆچاک ئەوەی خستەڕوو، "دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا و باشور لە دژی خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. ئەو هێرشانە تەنیا لە دژی گەلانی هەرێمەکە نییە، لە هەمان کاتدا نکۆڵیکردنە لە یاسا و مافە گەردوونییەکانی مرۆڤەکان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کۆچاک ئەوەی خستەڕوو کە لە سوریا دەرفەتێک بۆ دیموکراتیکبوون هاتووەتە پێشەوە بەڵام دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن و وتی، "گروپە گوایە سەرهەڵدێرەکان زۆر تاقم و دەستە لە خۆیان دەگرن. لەناویاندا هاوسۆزانی داعش و هێزە توندڕەوەکانی سەر بە ئەلقاعیدەش بوونیان هەیە. بەتایبەتی لەو ناوچانەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون، چالاکی ملیشیا ئیسلامییەکان هەڕەشەیە بۆ سەر پێکەوە ژیانی گروپە ئیتنیکی و ئایینیە جیاجیاکان. تورکیا لە پێناو سەرکوتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و گەلی کورد نەک هەر پشتیوانی لەو گروپە توندڕەوانە دەکات، بەڵکو لەهەمان کاتدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کوردەکان لەناوببات، ئەوانیش دەکاتە بەشێک لە ئۆپراسیۆنەکانی".

کۆچاک لە بارەی تیرۆرکردنی رۆژنامەوان نازم داشتان و جیهان بیلگینیش رایگەیاند، کە ئەوە تاوانێکی زەقە لە دژی رۆژنامەوانان و وتی، ئەوە بەشێکە لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئازادی راگەیاندن کە چەندین ساڵە بەردەوامە. کۆچاک وتی، "بەر لە ماوەیەک دوو رۆژنامەوانی کورد لە رێگەی بۆردومانی فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە تیرۆرکران، ئەوەش نمونەی زەقی ئەو دۆخەیە. ئەو سیاسەتەی تورکیا هێرشەکە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان".

'ئەڵمانیاش بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشان'

فەرهاد کۆچاک بە توندی رەخنەی حکومەتی ئەڵمانیا گرت بە هۆی فرۆشتنی چەک بە تورکیا و وتی، "سوپای تورکیا بە پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەییەکان لە ناوچە کوردییەکان ئۆپراسیۆن دەکات و لەو ئۆپراسیۆنانەدا چەکی ئەوڵمانیش بەکاردەهێنێت. حکومەتی ئەڵمانیا لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە بێدەنگە، لەبەر ئەوەی لە پرسی پەنابەراندا تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیک دەبینێت، بەڵام ئەمە نابێت بکرێتە پاساو بۆ چاونوقاندن بە رووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا".

فەرهاد کۆچاک هەروەها رەخنەی لە قەدەغەکردن و بەتاوانبارنیشاندانی چالاکوانانی کورد وکۆمەڵگەی کورد لە ئەڵمانیا گرت و داوا لە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و بزوتنەوە چەپەکان کرد کە زیاتر پشتیوانی لە کورد بکەن.