سەرۆکی پێنی نێونەتەوەیی: بۆ شاردنەوەی راستیەکان هێرش دەکەنە سەر رۆژنامەوانان

سەرۆکی پێنی نێونەتەوەیی بورهان سونمەز باسی لەوەکرد، "بۆ شاردنەوەی راستیەکان هێرش دەکرێتە سەر رۆژنامەنووسانی کورد، ئەمەش لە کاتێکدایە کورد دەیەوێت مافە سەرەتاییەکانی بەدەستبهێنێت".

لەبەرامبەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن. سەرۆکی پێنی نێونەتەوەیی بورهان سۆنمەز هێرشەکانی سر رۆژنامەنووسانی کوردی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات هەڵسەنگاند.

سەرۆکی پێن باسی لەوەکرد تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان داشتان و بیلگین مایەی قەبوڵکردن نیە، ئەوە لە هەمان کاتدا بێسەروبەری و هەڕەمەکیبوونی هێرشەکانی سەر رۆژئاوا نیشان دەدات و وتی، "جیهان بیلگین و نازم داشتان لەکاتی ئامادەکردنی هەواڵدا کرانە ئامانج و تیرۆرکران. ئەوە لەلایەکەوە هێرش بۆ سەر راگەیاندنی ئازادە، لەلایەکی دیکەشەوە بێسەروبەریی هێرشەکانی سەر گەلی کورد لە رۆژئاوا دەخاتەڕوو. ئێمە هەموومان ئەو وتەیە دەزانین، 'لە شەڕدا بەر لە هەموو شتێک راستی دەکوژرێت'. بۆ ئەوەی راستی پەردەپۆش بکرێت، واتە هێرش دەکرێتە سەر ئەو کەسانەی هەواڵ ئامادە دەکەن. ئەو دۆخە کە لە هەموو شوێنێکی جیهان لە ئارادایە، بە داخەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بە زەقتر دەبینرێت".

'هێزە جیهانییەکان دەتوانن بە ئاسانی کوردان بکەنە قوربانی'

سۆنمەز ئاماژەی بە رۆڵی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەبەرامبەر هێرشەکانی سەر کۆمەڵگە و رۆژنامەوانانی کورد کرد و وتی، "کاتێک کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەنگ هەڵنابڕێت، هێزە خۆجێییەکان واتە حکومەتەکان یاخود رێکخراوەکان بە شێوەیەکی بێباکانە دەجوڵێنەوە. لەبەر ئەوەی هیچ گوشارێک نابینن لە کاتی پلانی هێرشەکانیان هیچ سڵ ناکەنەوە. ئەمە راستیەکە، لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی وەک پێویست خاوەنداری لە کورد ناکرێت. دژوار نییە کە مرۆڤ هۆکاری سیاسی ئەوەی بۆ دەربکەوێت. کاتێک بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی هێزە گەورەکان لە ئارادابن، دەتوانن بە ئاسانی کوردەکان بکەنە قوربانی. لەم سەردەمە مێژووییە سەد ساڵەدا گۆڕانکارییەک لەو رووەوە نەکراوە. ئەمە لەکاتێکدا تاکە شتێک کە کورد دەیەوێت و پێویستی پێیەتی، جیاواز نییە لە مافی کەسانی تر. دەیانەوێت بڕیار لە ئایندەی خۆیان بدەن، خاوەنداری لە کولتورەکەیان بکەن. ئەوە مافە سەرەتاییەی مرۆڤەکانی بۆ ئەوان بە رەوا نابینرێت و بە زیادە دادەنرێت".

'بۆ پارێزگاری لە رۆژنامەوانان هەوڵەکانمان بەردەوامن'

سۆنمەز باسی لەوەکرد کە بۆ پاراستنی رۆژنامەوانان پێنی نێونەتەوەیی لە ناو هەوڵداندایە و وتی، "پێنی نێونەتەوەیی لەو پێناوەدا لە زیاتر لە ٤٠ وڵات و لە رێگەی هەزاران ئەندامیەوە تێدەکۆشێت. کار و ئەرکی سەرەکیمان تێکۆشانە بۆ ئازادی نوسین و وێژە. بەڵام هێرشەکانی سر راگەیاندن لە وەها ئاستێکدا هەڵکشاون کە ئێمەش بەشداری لە پشتیوانییەکانی ئەو رێکخراوانەدا دەکەین کە لەپێناو رۆژنامەواناندا خەبات دەکەن. ژمارەی ئەو رۆژنامەوانانەی ساڵی رابردوو لە فەلەستین کوژراون، لە کۆی ژمارەی ئەو رۆژنامەوانانەی لە جیهاندا کوژراون زیاترە. بۆ پاراستنی رۆژنامەوانان هەوڵ دەدەین تۆڕی پشتیوانی ساز بکەین و گوشاری دیپلۆماتیک لە حکومەتەکان بکەین. ئێمە هەوڵ دەدەین رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا هان بدەین بۆ ئەوەی بکەونەخۆ و لە پرسی پاراستنی رۆژنامەوانان و ئازادی راگەیاندندا لەو ناوچانە رۆڵی خۆیان بگێڕن".