هێرشەکانی سەر رۆژئاوا لە ووپێرتاڵ شەرمەزار کران

گەنجان لە ووپێرتاڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرییان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکرد و داوایان کرد بەهۆی تاوانی شەڕەوە دادگایی بکرێت.

لە شاری ووپێرتاڵی ئەڵمانیا گەنجانی کورد هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرییان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد.

لە چالاکیەکەدا کە گروپەکانی گەنجانی دیموکرات و چەپی ئەڵمانیش بەشداربوون، راگەیەندرا، "دەوڵەتی تورک و چەتە تیرۆریستەکانی لە رۆژئاوا تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دەکەن. لە بەرامبەر ئەوەدا وڵاتانی ئەوروپی بەتایبەتی ئەڵمانیا بێدەنگن. دەبێت لە بری بێدەنگی تورکیا دادگایی بکەن و فرۆشتنی چەکیش بە تورکیا رابگرن".

گەنجان رایانگەیاند تاکە رێگە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لە سوریا کۆنفێدڕاڵیزمی دیموکراتیکە کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە.

چالاکی گەنجان بە دروشمی 'بژی بەرخودانی رۆژئاوا' کۆتایی هات.