لە ئێران لەماوەی مانگێکدا لانی کەم ٩٥ کەس لەسێدارەدراون
کەمپەینی "ڕۆژانی سێشەممەی نا بۆ سێدارە" دژی سزای سێدارە کە لە ئێران بەردەوامە، ڕایگەیاند لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، ٩٥ کەس کوژراون.
کەمپەینی "ڕۆژانی سێشەممەی نا بۆ سێدارە" دژی سزای سێدارە کە لە ئێران بەردەوامە، ڕایگەیاند لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، ٩٥ کەس کوژراون.
کەمپەینەکە لەلایەن زیندانیانی سیاسی لە ٣٨ زیندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە دەستی پێ کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی کەمپەینەکە، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە (١_١٠) لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٩٥ کەس لەسێدارەدراون.
هەروەها لە مانگی حوزەیراندا ١٦ کەس لە زیندانەکان گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەرپرسانی ئێران ناتوانن وەڵامی قەیرانە ئابوورییەکان بدەنەوە، لەڕێگەی بێدەنگکردن و لەسێدارەدانەوە، داواکارییەکانی گەل پەردەپۆش دەکەن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە سەدان کەس لەسێدارەدراون
بەگوێرەی ڕاپۆرتی مانگی ئایاری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی مانگێکدا لە ئێران، لانی کەم ١٥٢ کەس لەسێدارەدراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیاندراوە، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا، لانی کەم ٥١١ کەس و لەنێویاندا ١٦ ژن لەسێدارەدراون، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ بە ڕێژەی ٩٦٪ زیادی کردووە. بەڵام لەم ژمارەیەی لەسێدارەدانەکان، تەنها ٢٨ لەسێدارەدان لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیاندراوە.