بە دیمەن

لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە لەندەن هێرشە قڕکردنە سیاسیەکان ئیدانە کرا

لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە لەندەن، دژی هێرشی قڕکردنی سیاسی ڕژێمی ئەردۆغان لە دژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) و ئۆپۆزسیۆن چالاکیی ئیدانەکردن بەڕێوەچوو و داوا لە حکومەتی بریتانیا کرا "پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک نەکات."

چالاکی گردبوونەوە لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە لەندەن بۆ ناڕەزایەتی نیشاندان دژی هێرشی قڕکردنی سیاسی ڕژێمی ئەردۆغان، دژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، ئۆپۆزسیۆن و سەندیکاکان، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو.

لە چالاکییەکەدا دروشمی "دەبێت حکومەت کۆتایی بە گوشارەکانی بێنێت" و "دیموکراسی بەم شێوەیە ناگاتە ئەنجام" وترایەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرا کە لە بەرامبەر گوشارەکانی ڕژێمی ئەردۆغان خاوەنداری لە ئۆپۆزسیۆن بکەن.

مارک بیکۆن، بەڕێوەبەری نێونەتەوەیی یونیسۆن، لویس ڕیگان، بەڕێوەبەری یەکێتی پەروەردەی نێونەتەوەیی، لاری هێسلدن، بەڕێوەبەری سیاسەت و کەمپینەکانی ناوچەیی، شارلی کیمیەر ئەندامی پارتی کرێکارانی سۆسیالیست (SWP)، ڕاب ویلیامز، سەرۆکی تۆڕی هاوپشتی سەندیکای نێونەتەوەیی، بەڕێوەبەری جیهانی TUC ستیڤن ڕۆسێل، و نوێنەرانی هێزە دیموکراتیکەکانی ئەوروپا (DGB) و فیدراسیۆنی عەلەوییەکانی بریتانیا بەشدارییان کرد.

لە چالاکییەکەدا ستیڤن ڕوسیل و نوێنەرانی یەکێتی هێزە نێونەتەوەییەکان و فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکانی بریتانیا لەو بارەوە وتاریان پێشکەش کرد.

بە گشتی لە وتارەکاندا داوایان لە حکومەتی پارتی کرێکاری بریتانیا کرد کۆتایی بە هاوکارییەکانی بۆ ڕژێمی ئەردۆغان بهێنێت.

لە میانەی وتارەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە دەوڵەتی چەوسێنەری تورک، بە تێپەڕبوونی کات گوشار و چەوساندنەوەکانی دژی ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەکات و کۆمەڵگەی جیهانیش نابێت لە بەرامبەر ئەم کردەوانەدا بێدەنگ بێت. هەروەها چالاکوانان داوای ئازادکردنی هەموو دەستبەسەر کراوانیان کرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی و هەڕەمەکی لە لایەن دەوڵەتەوە دەستبەسەر کراون.

لە بەشێکی تری وتارەکاندا جەخت لە پاڵپشتی لە هەموو ئەو کەسانە کرایەوە کە بۆ دیموکراسی، ئازادی و مافی مرۆڤ لە تورکیا  تێکۆشان دەکەن و داوا لە هەموو دیموکراتەکان، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران و چالاکانی بریتانیان کرا دژی گوشارەکانی ڕژێمی ئەردۆغان بێدەنگ نەبن.