پێش گەڕانەوەی ترەمپ کۆریایی باکوور موشەکی بالیستی تاقیکردەوە

کۆریای باکوور هەفتەیەک پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا چەند موشەکێکی بالیستی تاقیکردەوە.

سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، موشەکەکان کاتژمێر ٠٩:٣٠ بە کاتی هەرێمەکە هەڵدراون و پێش ئەوەی بکەوێتە دەریاوە مەودای٢٥٠ کیلۆمەتریان بڕیوە. موشەکەکان کە لە دەریای ژاپۆن (دەریای ڕۆژهەڵات) کەوتنەخوارەوە، بووە بە هۆکاری زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە هەرێمەکەدا.

سەرۆکی کۆریای باشوور بە وەکالەت، چۆی سانگ-مۆک هەڵدانی موشەکەکانی شەرمەزار کرد و دەستنیشانکرد کە ئامانج لە کارەکە ئاژاوەگێڕنیانەی کۆریای باکوور پێشلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

چۆی وتی: "سیئۆل بە هەڵوێستێکی بەهێزی ئەمنی و لەسەر بناغەی هاوپەیمانێکی لەگەڵ ئەمریکادا بە بڕیاردارییەوە وەڵامی ئەم ئاژاوەگێڕییە دەداتەوە."

بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرۆکی زانکۆی توێژینەوەکانی تایبەت بە کۆریای باکوور لە سیئۆل یانگ موو جین، ڕایگەیاندووە ئەم تاقیکردنەوە موشەکییە بۆ فشار خستنەسەر ئەمریکایە پێش دەستپێکردنی خولی نوێی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ.