ڕێپێوانی درێژ: لە ١٥ی شوبات ڕووبکەینە ستراسبۆرگ

چالاکوانانی ڕێپێوانی درێژ گەیشتنە شاری ستراسبۆرگ و لە ئەنجامدانی چالاکییەکدا بانگەوازیی بۆ بەشدرابوون لە گردبوونەوەی گەورەی ١٥ی شوباتی ستراسبۆرگ کرا.

ڕێپێوانی درێژ

لە بەردەوامی چالاکیی ڕێپێوانی درێژی ٢٦ ڕۆژە، کە بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەر ئاپۆ دەستپێکراوە، ئەمرۆ گەیشتە شاری ستراسبۆرگ.

ڕێپێوانکاران لەلایەن کوردستانیانەوە پێشوازییان لێکرا و دواتر لە گۆڕەپانی کلبیر تا ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی ستراسبۆرگ، بە وتنەوەی درووشم و هەڵکردنی ئاڵای ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانێک ئەنجام درا.

ڕێپێوانەکە بە گەیشتنیان بە پێش ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی ستراسبۆرگ گۆڕدرا بۆ گردبوونەوە.

لە گردبوونەوەکەدا پەڕلەمانتاری یەکێتی ئەورووپا ئیمانوێل فێرانتیس قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا موخاتەبی گەلی کورد ڕێبەر ئاپۆیە. ناوبراو جەختی کردەوە لەوەی دەبێت دەستبەجێ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت.

لە بەردەوامییدا ئیمانوێل فێرانتیس، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزاکرد و گوتی: "ئامانجی ئەم هێرشانە بۆ لەناوبردنی مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە، کە لەسەر بنەمایی پارادایمەکانی ڕێبەر ئاپۆ دامەزرێندراوە."

لە کۆتایی قسەکانییدا ئیمانوێل فێرانتیس، بانگەوازی بۆ بەشداربوونی بەهێز لە ڕێپێوان و گردبوونەوەی ١٥ی شوباتی ستراسبۆرگ کرد.