ترەمپ فشاری باجی گومرگی لەسەر چین دانانێت!

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار جەختی لەوەکردووبوو لە ڕێگەی باجی گومرگییەوە فشارێکی قورس لەسەر چین دادەنێت کە لە ڕووی ئابووریەوە ڕکابەری ئابووری ئەمریکایە، بەڵام لەم قسانە پەشیمان بووەتەوە.

شەوی پێنج شەممە کەناڵی فۆکس نیوز چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دۆناڵد ترامپدا بڵاوکردەوە. لە چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری ئەوە لە ترەمپ کرا لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگ پەیوەست بە تایوان و بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتەوە هیچ ڕێککەوتنێک دەکات یا نا.

ترەمپ بەمە وەڵامی دایەوە: "دەتوانم ئەوە بکەم، چونکە ئەوەی چین دەیەوێت لە دەستی ئێمەدایە و هەمانە، گەنجینەمان هەیە."

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد هیچ ڕێکارێکی سەپاندنی باجی گورمرگی لەسەر چین دانانێت و گوتی: "هێزێکی زۆرمان لەسەر چین هەیە، ئەوەش باجی گومرگییە کە چین ئەوەی ناوێت. منیش نامەوێت بکەومە دۆخێکەوە کە ناچار بم بەکاری بهێنم. بەڵام ئەمە لەسەر چین هێزێکی گەورەیە."

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە ترەمپ دەستبەکاربوو، ڕایگەیاندبوو دەبێت هەتا ١ی کانوونی دووەم لەبەرانبەر هاوردەکردنی کالای چینیدا باجی سەدا ١٠جێبەجێ بکرێت. لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسی دانانی باجی سەدا ٦٠ی کردووە.

لای خۆیەوە ڕۆژی هەینی دەربارەی پرسەکانی پەیوەست بەم لێدوانەی ترەمپەوە، چین ڕایگەیاند ناکۆکی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا لە ڕێگەی "دیالۆگ و ڕاوێژەوە" چارەسەر دەکرێت.

هەروەها ماو نینگ پێکینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاوارتەدا ڕایگەیاند، "هاوکاری ئابووری و بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا سوودی بۆ هەردوولا هەیە".