تەرمی شەڕڤانی یەپەگە لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا

تەرمی شەڕڤانی یەپەگە پێشەوا سۆرانی ناسراو بە (شڤان محەممەد ئەمین) دوای ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو باشووری ڕوانە کرایەوە، بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.

بە مەراسیمێکی شایستە تەرمی شەهید پێشەوا سۆرانی لە گردی سەیوانی سلێمانی بە خاک سپێردرا، ئاماژە بەوەدرا، شەهید پێشەوا هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە لە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی لەسەر گەلەکەی بەرێوەدەچێت، بۆیە هەر لەو پێناوەشدا شەهید بووە.

تەرمی شەڕڤانی یەپەگە پێشەوا سۆرانی کە لە ٩ی شوباتی ٢٠٢٠ لە کۆبانێ لە ڕووداوێکدا شەهید بوو، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە رەوانەی باشوور کرایەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دوای ئەوەی تەرمی شەهید لە نەخۆشخانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی وەرگیرایەوە، بە بەشداری بنەماڵە، دۆستان و وڵاتپارێزان برای مزگەوتی سەوان دوای بە جێهێنانی ئەرکی ئایینی لە گۆڕستانی سەیوان لە مەراسیمێکی شایستەدا بە خاک سپێڕدرا.

دوای بەخاک سپاردنی تەرمی شەهید، بەشداربووان بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی شەهید وەستان، پاشان وەهاب ئەحمەد، ئەندامی کۆمیەتی شەهیدانی باشووری کوردستان باسی لە تێکۆشان و بوێری شەهید پێشەوا کرد و وتی: "کاتێک تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ لە ژێر مەترسییدا بوو، وەک گەنجێک لە باشووری کوردستانەوە لەگەڵ گرووپێک خۆبەخش بەشدارییان لە تێکۆشان بۆ ئازادییدا لەو بەشەی کوردستاندا کرد و ئەو هێزانەی کە بە خوێنی گەلەکەمان تینوو بوون تێکیان شکاند.

دواتر ئەبوبەکر مەجید، لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهید وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: "شەهید شڤان نەک تەنیا بۆ بنەماڵەکەی بەڵکوو تێکۆشەرێک بوو بۆ هەموو گەلی کورد و جیهان و شەهیدبوونی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ هەموو ئازادییخوازن و جیهان.

هەروەها وتی: ناتوانین خۆمان لەو سیاسەت و قڕکارییەی بەسەرماندا دەسەپێندرێت ڕزگار بکەین ئەگەر ئامادە نەبین بەدیلێکی گەورە بدەین، شەهید شڤانیش یەکێکە لەو کەسانەیە لە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی لەسەر گەلەی هەبووە هەستی بە بەرپرسیارێتی کرد، بۆیە بڕیاری تێکۆشانیدا و لەو ڕێگایەدا بەسەربڵندییەوە شەهید بووە.

دوای ئەوەی کە ‌هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان زیادی کرد و لە هەوڵی داگیرکردنی ئەو بەشەی کوردستاندا بوون، شەهید پێشەوا سۆرانی بە زوویی خۆی دەگەیەنێتە ڕۆژئاوای کوردستان و سنوورە دەستکردەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، دواجار بە هۆی ڕووداوێکی نەخوازراوەوە لە ٩ـی شووباتی ساڵی ٢٠٢٠ لە کۆبانێ شەهید دەبێت.