وتەبێژی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا: لەبارەی حەماسەوە هۆشداری دەداتە تورکیا

دوای ئەو بانگەشەیەی کە باسکراوە، بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس لە تورکیا نیشتەجێ دەبن، واشنتۆن لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند؛ هۆشداری دەدەن بە ئەنقەرە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس نابێت هاوشێوەی پێشوو بەردەوام بێت.

پاش ئەوەی کە باسکرا بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس دەچنە تورکیا و لەوێ دەمێننەوە، واشنتۆن لەو بارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وتی؛ "ئایا ئەو دەنگۆیانە ڕاستن یان نا دیار نییە، بەڵام ئێمە سەبارەت بە حەماس هۆشداری دەدەینە تورکیا."

'نابێت پەیوەندییەکان لەگەڵ حەماس وەکوو پێشتر بەردەوام بن'

میلەر ڕایگەیاند؛ نابێت حەماس لە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆدا بمێنێتەوە و وتی: "بەئاشکرا تورکیا هوشیار دەکەینەوە کە نابێت هاوشێوەی پێشوو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەماس بەردەوام بێت." میلەر ئاماژەی بەوەشدا کە دژی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە ئەمریکا دۆسیە بەردەوامە و پێویستە ئەو کەسانە ڕادەستی ئەمریکا بکرێن.

جێی ئاماژەیە میدیاکانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بەرەو تورکیا دەچن و لەوێ دەمێننەوە. ئەنقەرەش ڕایگەیاندووە کە ئەو بانگەشانە دوورن لە ڕاستیەوە و لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە سەرکردەکانی حەماس سەردانی تورکیایان کردووە.