ئێم ئێس ئێف: لە یۆنان دیپۆرتکردنەوەی نایاسایی ئاسایی بووە
ڕێکخراوی پزیشکانی سنوور نەناس لە بەرامبەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بە مامەڵەی خراپ کاردانەوەیان نیشاندا و دەستنیشانیان کرد کە ئەو کارە لە یۆنان ئاسایی بووە.
ڕێکخراوی پزیشکانی سنوور نەناس لە بەرامبەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بە مامەڵەی خراپ کاردانەوەیان نیشاندا و دەستنیشانیان کرد کە ئەو کارە لە یۆنان ئاسایی بووە.
ئێم ئێس ئێف لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە: کە "تیمەکانی ئێم ئێس ئێف شاهیدی ئەوە بوون کە دیپۆرتکردنەوە لە یۆنان بووە بە کارێکی ئاسایی و ئەوانەی بەدوای ئاسایش و ژیانێکی ئارامدا دەگەڕێن لە یۆنان ئاسایش و ئارامیان لێدەستێندرێت".
ئێم ئێس ئێف وتی: سەرەڕای زۆر بەڵگەی متمانەپێکراو لە دەسەڵاتدارانی یۆنان، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام ناتوانن لێپرسینەوە لەم کارانە بکەن.
لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان هەزار کۆچبەر بەتایبەتی لە سوریا، ئەفغانستان و پاکستانەوە سنووری دەریایی و وشکانییان لە تورکیاوە بۆ یۆنان تێپەراندووە.
دەسەڵاتدارانی یۆنان هەمیشە لەلایەن میدیاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچبەران ڕەوانەی دەریاکانی تورکیا دەکەنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئێم ئێس ئێف، ئەو 8 هەزار کۆچبەرەی کە ١٥٠٠یان منداڵن، لە دوو ساڵی ڕابردوودا هاوکاری پزیشکییان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە وەرگرتووە، چەندین جار دیپۆرت کراون و بەشێکی زۆریان کاتێک کە گەراونەتەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
هەروەها ئێم ئێس ئێف سەرنجی بۆ ئەو زانیاریانە ڕاکێشا کە کۆچبەران بە ناچاری سواری بەلەمی ڕزگارکەر دەکرێن و لەناو ئاوەکانی تورکیا بەریاندەدەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٢٩ هەزار و ٧٠٠ کۆچبەر و پەنابەر گەیشتوونەتە یۆنان. ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.