کۆبوونەوەی داعش لە ئەنقەرە
دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە وەک پشتیوانی سەرەکی داعش دەناسرێت و بە دەیان جار بە بەڵگە سەلمێنراوە، هێشتا هەوڵدەدات پلانەکانی لە دژی کوردان و گەلانی ناوچەکە لە ڕێگەی داعشەوە جێبەجێ بکات، لەبەر ئەمە پشتگیری دەکات، پەروەردەیان پێدەکات، چەکداریان دەکات و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەکاریان دەهێنێت.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریا و هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆمەڵێک چەکداری وەک هەتەشە، دەوڵەتی تورک بە چەتەکانی خۆی بە ناوی 'سوپای نیشتیمانی سووریا' هێرشی کردە سەر هەرێمی فرات و هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم هێرشانەی چەتەکان بە پشتیوانی ئاسمانی دەوڵەتی تورک دژی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق و گوندەکانی ناوچەکە بەردەوامە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هێرشانە، زانرا کە پیلانێکی مەترسیداری دەوڵەتی تورک هەیە بۆ زیندووکردنەوەی داعش و جووڵاندنی دژی قەسەدە، بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە بەدەست هاتووە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ـدا کۆبوونەوەیەکی گرنگ و کاریگەری داعش لە پایتەختی تورکیا ئەنقەرە ئەنجامدراوە و زۆربەی داعشییەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە عێراقین و خەڵکی تەلەعفەری موسڵن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست ئاژانسەکەمان کەوتووە، کۆبوونەوەکە لە ٢٣-١٢-٢٠٢٤ لە ئەنقەرە لە ماڵی بەرپرسێکی داعش بە ناوی "عەلی سەرحان سلێمان ئەل-مشکۆ"، لەلایەن بەرپرسی ئەنجوومەنی سەربازی داعش لە تورکیا سەباح محەمەد عەلی ئەل-حەمۆوە ئەنجامدراوە، زۆربەی چەتە بەشداربووەکان خەڵکی تەلەعفەرن و لە نێویاندا ئەمیری داعش لە موسڵ، ئەنبار و سەڵاحەدینیش هەبوون.
هەمان سەرچاوە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بە ناسنامەی چەتە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە ئەم زانیاریانەی دا: 'ئەمیر و بەرپرسی داعش لە ئەنقەرە تەڵعەت یونس محەمەد ئەل-شەرۆ، عەبدولحەکیم شێخۆ عەبدولعەزیز ئەل-شێخۆ، عیماد خالید وەلید وەلید ئەل-عیزدۆ ئەل-ڕاوی، عەبدولغەنی حەسەن محەمەد ئەل-سیلۆ، ڕائید ئیسماعیل عەباس ئەل-ناسر ئەل-هەیالی بەشداربوون. ئەم داعشیانە زۆربەیان خەڵکی تەلەعفەری موسڵن. لە کۆبوونەوەکەدا ئەمیرەکانی داعش لە موسڵ، ئەنبار و سەڵاحەدین کە بەرپرسن هەبوون.'
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بووە، لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە چەتەکان کراوە بۆ چوونە ناو بیابانی سووریا. مەبەست لە بیابانی سووریاش ڕەقە، دێرەزۆر و حەسەکە بووە.
لەم کۆبوونەوەیەدا باس لەوەکراوە کە پێویستە لەم ناوچانەدا دژی هێزەکانی قەسەدە چالاکی بکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەموو بیرە نەوتەکانی ناوچەکە کە لە دەستی قەسەدە دان. هەواڵگری تورکیا گەرەنتی داوە بە چەتەکانی داعش کە کاتێک ئەوان لە وشکانییەوە هێرش دەکەن، ئەوانیش لە ئاسمانەوە یارمەتیان دەدەن و بەم شێوەیە هێرش دەکەنە سەر حەسەکە، دێرەزۆر و ڕەقە.
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەربازی داعش سەباح محەمەد عەلی ئەل-حەمۆ داوای لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کردووە کە هەر ئەمیرێک ١٠ چەتەی سەر بە خۆی بنێرێتە سووریا و مووچەی مانگانەیان ٨٠٠ دۆلاری ئەمریکی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێدەدرێت و پێداویستییەکانی خێزانەکانیشیان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دابین دەکرێت. بە تایبەت یارمەتی بۆ خێزانە داعشییەکانی تورکیا بکرێت. زانراوە بەرپرسانی چەتەکانی داعش وەک قاسم سەلیم محەمەد ئەل-حەنەش و نەوزاد محەمەد عەلی ئەل-شەلەش خۆیان پێشنیار کردووە.
جێی بیرهێنانەوەیە ماوەیەکی زۆرە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵ دەدات زیندانەکانی چەتەکانی داعش کە لە ژێر کۆنترۆڵی قەسەدەدان، ڕادەستی هەتەشە بکرێن، لە حاڵەتێکی پێچەوانەدا هەڕەشەی دەستێوەردان و خستنەژێر کۆنترۆڵی خۆی لە هێزە نێونەتەوەییەکان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەڕی دەکات. پێشتریش هەوڵدانێکی دەوڵەتی تورک دژی زیندانی غوێران لە حەسەکە هەبوو!
سەرنجڕاکێشە چەتەکانی بەشداری کۆبوونەوەکە زۆربەیان عێراقی و خەڵکی موسڵن. لە پیلانەکەدا حەسەکە هەیە کە دراوسێی شەنگالە، ئەمەش مەترسی گەڕانەوەی داعش بۆ شنگال دروست دەکاتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە بۆ ئێزدییەکان و هەموو گەلانی ناوچەکە مەترسیدارە! سەرنجڕاکێشە مانگێک دوای ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنقەرە، لەسەر داوای هەندێک فراکسیۆنی سونی نزیک لە دەوڵەتی تورک، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی پەسەند کرد. دەزانرێت سەدان داعشی لە زیندانەکانی عێراقدان و ئەوانیش دەکەونە بەر لێبوردن.